تاڵیبان دوو شاری ئەفغانستانی داگیرکرد

هێزەکانی تاڵێبان دوو شار (ولسوالی)ی 'ینگی قەلعە و دەرقەد' لە ویلایەتی 'تەخار'ی ئەفغانستانیان داگیر کرد، بانگەشە دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە ئەفغانەکان کوژراون.


دوای ئەوەی دوناڵد ترامپ دانوستانەکانی ئاشتیی لەگەڵ تاڵیبان هەڵپەسارد، هێزەکانی تاڵێبان دەستیان کردووەتەوە داگیرکردنی شارەکانی ئەفغانستان.

چەکدارانی تاڵیبان شەوی ڕابردوو شاری "ینگی قەلعە" و بەیانی ئەمڕۆش شاری "دەرقەد"یان لە ویلایەتی "تەخار" کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئەفغاستانەوە داگیر کردووە.

جەواد هجری وتەبێژی والیی تەخار بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان بەیانی ئەمڕۆ بۆ ئەوەی زیانی هێزەکانیان کەم بکەنەوە ئەو دوو شارەیان چۆڵ کردووە.

ئەوەشی وتووە کە، هێزەکانی پشتیوانی ڕەوانەی ئەو دوو شارە کراون.

تاڵیبانیش بە ڕاگەیاندنی داگیرکردنی ئەو دوو شارە لەلایەن هێزەکانیانەوە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی ئەفغان لە پێکدادانەکان کوژراون.

جێگای ئاماژەیە کە، لە ماوەی ڕابردوو زالمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاندبوو، کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا ئامادەکراوە و لە ئێستادا چاوەڕێی پەسەندکردنییەتی لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا-وە، بەڵام ئێوارەی ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە چەند تویتێکدا ڕایگەیاند، کە گفتۆگوکانی ڕاگرتووە و دیداری لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵێبان هەڵپەساردووە.

س.ح