دوای ٢٦ ساڵ زیندان بە کەلەپچەوە تورکیا ڕێگایدا حەسەن بچێتە پرسەی باوکی

حەسەن گۆک سونگور، لەسەر دۆزی پەکەکە ماوەی ٢٦ ساڵە لە زینداندایە، بۆ ئەوەی بەشداری لە مەرامسیمی بە خاکسپاردنی باوکی بکات، بەرپرسانی زیندانەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بردوویانەتەوە بۆ گوندەکەی.


حەسەن گۆک سونگور لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە لە زینداندایە، دوێنێ بە دەست کەلەپچەکراوی بردیانەوە بۆ گوندی پولایان لە ناوچەی بازارجخ (پازارجک) لە پارێزگای مەرەش لە باکوری کوردستان تاوەکو بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی دا بکات.

گۆک سونگور لە بەردەم زیندانەوە لەلایەن جەماوەرەوە بە چەپڵەڕێزان بەرەوە گوندەکەی بەڕێکرا، کاتێکیش گەیشتەوە گوندەکەیان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازیی لێکرا.

کاتیک گۆک سونگور گەیشتەوە گوندەکەی، سەرەتا بەشداریی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی باوکی دا کرد و دواتر بۆ پرسە چوو بۆ ماڵەکەی خۆیان لە گوندەکەیاندا.

بە گشتی گۆک سونگور چوار کاتژمێر لە گۆڕستان و ماڵی خۆیدا مایەوە و دووبارە بردیانەوە بۆ زیندان.

گۆک سونگور لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گوندەکەیان وتەیەکی پێشکەشکرد و، وتی:"ماوەی ٢٦ ساڵە لە زینداندام، باوکم هەرگیز دەستبەرداری پشتیوانیکردن لە من و هاوڕێکانم نەبوو، هەموو کات لەگەڵمان بوو و پشتیوانمان بوو، ئەو هەڵوێستەی باوکم هەموو کات هێز و توانا و ورەی بە ئێمە بەخشی بۆ تێکۆشانەکەمان".

ئەو ماوەیەی لە گوندەکەیان بوو، خزمان و هاوڕێکان و شەیدایانی لە چەندین ناوچەی جیاجیاوە پەیوەندییان بە گۆک سونگورەوە کرد و قسەیان لەگەڵ کرد.

گۆک سونگور لە مانگی ١١ی ١٩٩٣ـەوە لە زینداندایە، لەو ماوەیەدا لە زیندانەکانی مەلەتی، یۆزگات، مەرەش، کورکوچولەر، سێرت دا بووە، ئێستاش گۆک سونگور لە زیندانی جۆری ئیی ناوچەی ئەلبیستانی پارێزگای مەرەش دایە و ماوەی زیندانیکردنەکەشی چوار ساڵی دیکە ماوە.

گۆک سونگور لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ – ١٩٩٩ دا چەندین جار بەشداریی لە چالاکییەکانی مانگرتن لە زیندانەکاندا کردووە، لە بەرخودانەکەی ئەم دواییەدا بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن لە رۆژی ١-٣-٢٠١٩وە دەستی بە چالاکیی مانگرتن لە خواردنی بێسنوور کرد، تا ٢٦ی مانگی پێنج، بەهۆی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە کۆتایی بە چالاکییەکەی هێنا.

س.ح