سەعدی پیرە: تورکیا دژی کوردە

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی دەڵێت، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان ئەوەمان پێدەڵێت، کە دەوڵەتی تورکیا دژی ڕەگەزی کوردە بە چەکدار و قەڵەم بەدەستەوە، دەشڵێت: تورکیا دەیویست کێشە بخاتە سلێمانییەوە.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی حزبەکەی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بەست.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنیوزدا، سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین-ی باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، سەعدی پیرە وتی: ئێمە زۆر نیگەرانین و کارێکی خراپە، مسداقییەتی سیستمی دیموکراتی لە تورکیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوانە کە ئەمڕۆ لەسەر کار لابراون چەکدارنین، بەڵکو قەڵەمیان پێ بووە و سەرۆکی شارەوانی بوون، بۆیە لێرەدا لەوە تێدەگەین کە ئەوان دژی ڕەگەزی کوردن چەکداربێت یان قەڵەم بەدەست.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئاماژەی بە سەرنەکەوتنی مۆدێلی حوکمڕانیی تورکیا کرد و سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان-یش، وتی: تورکیا دەیویست بۆ پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆییەکانی خۆی کێشەیەک لە سلێمانی دروستبکات، ئەگینا لە سلێمانی سەرئێشەیەکی ئەوتۆمان بۆ تورکیا نەبووە.

سەبارەت بە پرسی پارێزگاری کەرکوکیش، سەعدی پیرە وتی: دانانی پارێزگار بۆ کەرکوک تەنها بە ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی نابێت، ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی تەنها بۆ ئەوەیە کە پارتی دژی نەوەستێتەوە و خراپەکاریی نەکات، ئەمە پێویستی بە کارکردنە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی عێراق، هەروەها هەندێک کارکردنیش لەگەڵ پەیوەندییە هەرێمییەکان.

سەعدی پیرە ڕەتیشیکردەوە، کە پارتی پاشگەزبووبێتەوە لە ڕێککەوتنی لەسەر تەیب جەبار، کاندید بۆ پارێزگاری کەرکوک.

سەعدی پیرە سەبارەت بە پرسی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیش وتی: یەکێتی لەناو خۆیدا کارێکی کردووە کۆنگرە لە ئامرازەوە بووە بە ئامانج، ڕاستە گرنگە کۆنگرە بۆ خۆڕێکخستنەوە ببەسترێت، بەڵام دەبێت هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن، بڕیار هەیە کە لە ٢٠١٩دا یەکێتی کۆنگرە ببەستێت، تەنها ماوەتەوە ڕۆژەکەی دیاریی بکرێت.

دەربارەی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک، سەعدی پیرە ئاشکرایکرد، کە لە ئێستادا تا ڕادەیەک ئەو سزایانەی لەسەر بەهرۆز گەڵاڵیی، نوێنەری یەکێتی لە تورکیا هەبووە وردە وردە لادەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کردنەوەی نوێنەرایەتیی یەکێتی لە ئەنقەرە لە ئارادایە.

ش.ف