عەلی کەریمی: دەبێت کار لەسەر گواستنەوەی نموونەی ڕۆژئاوا بکەین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی ڕەخنە لەو حزبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا دانووستانیان لەگەڵ حکومەتی ئێراندا کردبوو و دەپرسێت، بۆچی ئەجێندای دانووستانەکانیان لەگەڵ ئێران بۆ خەڵک باسناکەن؟ بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتیش پێشنیار دەکات، کە کار لەسەر گواستنەوەی نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دانووستانەکانی ماوەی ڕابردووی چوار حزبی کوردیی ڕۆژهەڵات لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، هەروەها پرۆژەی کورد بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دوا.

عەلی کەریمی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئیتر کاتی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران هاتووە و دەڵێت: ئێران ئێستا لەبەردەم گۆڕانکارییدایە و دەبێت هەموو لایەک خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەن، کوردانی ڕۆژهەڵاتیش بە درێژایی ٤٠ ساڵی ڕابردوو ئاویان بە ئاشتی حکومەتی ئێراندا نەکرد و لەو پێناوەشدا ڕۆڵەکانیان دەچووە سەر پەتی سێدارە و قوربانیی زۆریان دا، ئەمەش وایکرد کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاتر پشتگوێ بخرێن و ئێستاش لە ڕووی ئابووریی و خزمەتگوزارییەوە زۆر لەدواوەن.

سەبارەت بە پرۆژەی و ئامادەکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئایندەی ئێران و ڕۆژهەڵات، کەریمیی دەڵێت: ئێجگار گرنگە ئەمڕۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بیردەکەنەوە و چۆن خۆیان ئامادە دەکەن، دەبێت بیرلەوەش بکەنەوە کە چۆن دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ئاستە گەورەدا خۆیان ئامادە نەکردووە کە لە ئاست پێشهاتەکانی ئەمڕۆی ئێراندا بێت، هەندێکیان تا ئێستا نەیانتوانیوە کادر و سەرکردەی پێشەنگ پێبگەیەنن و پەروەردەیەکی فکریی و فەلسەفی کادر و ئەندامەکانیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خوێندنەوەیان بۆ پێشهاتەکان هەبێت.

دەربارەی پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: ئێمە بەدرێژایی ٨٠ ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لەدوای ڕووخانی کۆماری مهابادەوە، نەمانتوانیوە ستراتیژێکی یەکگرتوویی کوردی لەناو گەلەکامان پیادەبکەین، نەمانتوانیوە گەلەکەمان بە هەستی نەتەوایەتیی گۆش بکەین و قۆناغی خێڵ و عەشیرەتمان تێنەپەڕاندووە، نەمانتوانیوە گەلەکەمان لەوە بگەیەنین کە چارەنووسمان دەبێت بەدەستی خۆمان بێت، ئەگەر بەدەستی خۆمان نەبێت و بەدەستی بێگانە بێت، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە ئێستا لە باشوری کوردستاندا دەگوزەرێت.

عەلی کەریمی، لە بەشێک دیکەی قسەکانیدا، باس لە کاریگەریی دەستی دەرەکیی دەکات لەسەر بەشێک لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت: بەشی زۆری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدرێژایی ئەو ساڵانەی کە لە ئۆردووگاکاندا دانیشتوون، کاریگەریی بێگانەیان لەسەرە، ئێمە دەزانین کە کورد دۆستی کەمە و چوار پارچە بە داگیرکەر و دیکتاتۆر دەوردراوە، بۆیە لە هەموو لایەکەوە نفووز لەسەر ئەو گۆڕەپانە دەکرێت کە ناوی سیاسەتی کوردییە، ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە لاوازەکانی کورد، بەتایبەت ئەم هێزانە دۆخێکی وایان دروستکردووە کە دوژمن زۆرە بە ئاسانیی دەتوانێت نفوزیان تێدا بکات.

دەربارەی ئەو هەواڵانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر دانووستانی چوار حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لە نەرویج بڵاوبوونەوە، عەلی کەریمیی دەڵێت: من دانووستان لەگەڵ دوژمن هەرگیز ڕەتناکەمەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ستراتیژی دانووستان چییە؟ ئایا ئەم چوار هێزە هیچیان بە کۆمەڵانی خەڵک وتووە کە ستراتیژیان لە دانووستان لەگەڵ ئێران چییە؟ ئەوان چەندین جار لە نووسین و وتاری خۆیاندا باسی ئەوەیان کردووە، کە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ دانووستانێکی لەگەڵدا ناکرێت، ئایا کۆماری ئیسلامیی هیچ نییەتپاکییەکی ئەنجامداوە تا بچن و دانووستانی لەگەڵ بکەن؟ ئێمە هیچمان لێ نەبینییوە، کاتێکیش باس لە دانووستان دەکەن لەگەڵ ئێران، بۆ باسی ناکەن کە لەسەر چی دانووستانتان کردووە؟

عەلی کەریمیی نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان بە باشترین نموونە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودەبات و دەڵێت: نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان باشترین نموونەیە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت لە داهاتوودا کار لەسەر گواستنەوە بەجێکردنی ئەو نموونەیە بکەین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت هاوشێوەی ڕۆژئاوا بتوانین هێزی ژن کە نیوەی کۆمەڵگایە چالاک بکرێت و هەلی بەرجەستەکردنی تواناکانی بۆ بڕەخسێندرێت، لە هەمووشی گرنگتر هاوشێوەی ڕۆژئاوا ڕێگا بە هەبوونی میلیشیای حزبیی نەدرێت کە بەدرێژایی سەدان ساڵ هۆکاری شەڕی ناوخۆیی و براکوژیی کورد بووە.

د.ع