قەسەدە: ڕێککەوتن بۆ نێوان سەرێکانی و گرێ سپییە

دەبارەی ڕێککەوتنەکەی دەوڵەتی تورک و ئەمریکا، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە لای ڕۆژهەڵاتەوە شاری سەرێکانی و لە ڕۆژئاواوە تا لای گرێسپی دەگرێتەوە، ئاشکراشیان کرد: بەپێی ئاگربەستەکە دەجوڵێینەوە.


شەوی ڕابردوو فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات-قەسەدە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"لەسەر داوا و ڕەزامەندیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مایک پێنس جێگری سەرۆک، ئەمڕۆ لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەوڵەتی تورک ئاگربەست ڕاگەیەنرا".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەبێت لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەوی ڕابردووەوە چوبێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

قەسەدە ڕاشیگەیاند:"ئەم ڕێککەوتنە بەرەکانی جەنگ لە لای ڕۆژهەڵاتەوە شاری سەرێکانی و لە ڕۆژئاواوە تا لای گرێسپی دەگرێتەوە".

قەسەدە ئاماژەوەی بە هەڵوێستیان کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەوان پابەنددەبن بە ئاگربەستەکەوەو و بانگیش لە دەوڵەتی تورک دەکەن کە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە مامەڵە بکەن.

س.ح