لە هەولێر چی ڕوویدا..؟

دەوروبەری کاتژمێر٠٢:٠٠، دوای ئەوەی شاندێک لە کونسوڵخانەی دەوڵەتی تورک لە هەولێر دەچنە ڕێستۆرانتێک، دەستڕێژی گولـلەیان لێدەکرێت و بەهۆیەوە چەند کەسێک دەکوژرێن و بریندار دەکرێن، هەرچەندە چەند تۆمەتێک لەسەر بکەرانی هێرشەکە بڵاوکرانەوە، بەڵام هیچیان نەتوانراوە پشتڕاستبکرێنەوە، تا ئیستا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورک بەفەرمی کەسیان تۆمەتبار نەکردووە.


دوێنێ هەر دوای ڕووداوەکە، هەواڵەکە بە خێرایی میدیاکانی ناوخۆ و جیهانی گرتەوە، کە میدیای تورکیا بۆیەکەم جار ڕایگەیاند، لە کردەوەکەدا جێگری کونسوڵی تورکیا و دوو ئەندامی کونسوڵخانەکە کوژراون و هیچ باسی هاوڵاتیی مەدەنی نەکرا.

ڕووداوەکە بچووک دەکرێتەوە

ئەگەرچی سەرەتا چ میدیای تورکیا و چ ناوخۆییەکان و میدیای ڕوسیا-ش، ئاماژەیان بەوەکرد، جێگری سەرکونسوڵی دەوڵەتی تورک لە هەولێر لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەیاندا کوژراون، بەڵام بە لێدوانێکی هاوکاتی ئاسایشی هەرێم و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێکەوە ڕایانگەیاند، کەیەک دیپلۆماتکاری تورکیا کوژراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنەڕوو.

هەرچەندە ڕۆژنامەنووسان و ئەوکەسانەی نزیکی ڕووداوەکەبوون جەخت لەوە دەکەنەوە، کە جێگری کونسوڵ و دوو ئەندامی کونسوڵخانەکە کوژراون، بەڵام تا ئێستا تورکیا و ئاسایشی هەرێم تەنها کوژرانییەک ئەندامی کونسوڵخانەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە و باسی هیچ بریندارێکیشیان نەکردووە کە ئەندامیان بەرپرسی کونسوڵ خانەکەبیت، جگە لە مەدەنییەکان.

ڕەنگە لە داهاتوودا ئاماریی وردتری کوژراو و بریندارەکانی کونسوڵخانەی تورکیا ڕوونبێتەوە، بەڵام لەوڕووداوەدا، دوو هاوڵاتی بەرکەوتن، کەیەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداو ئەوی دیکەش دوای برینداربوونی و چەند کاتژمێرێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

ئەوەی دەوڵەتی تورک ناسنامەکەی ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بە پۆستەکەی نەکردووە، ناوی عوسمان کۆسەیە و خەڵکی پارێزگای مێرسینە.

یەکێک لە کوژراوەکان هاوڵاتییەکە و ناوی 'نەریمان وەسمان ئاغای جوندیانی'ـیە و لە گوندی بێشوکی جوندیان دادەنیشت، کە سەربە پارێزگای هەولێرە.

هەروەها هاوڵاتییەکی دیکە لەڕووداوەکەدا کوژراوە، ناوی بەشدارڕەمەزان دانیشتووی شارۆچکەی سۆران-ی سەربە پارێزگای هەولێرە.

کاردانەوەکان

جگە لە ناوخۆ، کە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، هەرێم، حکومەتی هەرێم، هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێ مڕوونکردنەوە و بەیاننامەیان هەبوو، هەروەها ئەردۆغان لە سەرڕووداوەکە زیاتر لە جارێک قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هێزەکانی باکوری عێراق، کە مەبەستی "هەرێمی کوردستان"ـە کردووەو داوایان کردووە، هەرچی زووە تەقەکەرەکان ئاشکرا بکرێن.

هەروەها چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوە لە وەڵامی پرسیاریڕۆژنامەنووساندا دەربارەی بکەری کردەوەکەڕایگەیاند، "لە کاتێکدا کە تەقە تەنها لە تورکەکان نەکراوە و بەڵکو لە عێراقییەکانیش کراوە، دەبێت چاوەڕێی لێکۆڵینەوە بین".

 

تۆمەتبارکردنی کەسانێک بە هێرشەکە

دوای ڕووداوەکە چەند تۆمەتێک ئاڕاستەی هێرشکەران کران، کە دەوترێت یەک کەس بووە و دوو دەمانچەی پێبووە، هەروەها شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هاوکاریی کردووە، لە یەکەکێک لە تۆمەتەکاندا باس لەوە دەکرا، گوایە دەمەقاڵە و دەنگ بەرزکردنەوەیەک لەڕێستۆرانتەکەدا هەبووە لەنێوان چەند کەسێکدا، دەشڵێن کەسەکان پەوەندییان بە تورکەکانەوە هەبووە باسی بازرگانیی نەوتیان کردووە.

 

برازایەکی نێچیرڤان بارزانی لەڕێستۆرانتەکەدا بووە

هەروەها پەنجەی تۆمەت خرایەسەر مەتین دلۆڤان بارزانی، کە برازای نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و خاوەنی کۆمپانیای سەلاحەدینە، چونکە هەمان کات لە رێستۆرانتەکەدا بووە، گوایە"لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی دەوڵەتی تورکدا کاری بازگانیی نەوتی قاچاخی کردووە".

دوای ئەم دەنگۆیە، مەتین بارزانی دەنگۆکەی ڕەتکردەوە و لەڕوونکردنەوەیەکد ڕایگەیاند "له‌ كاتی ڕووداوی ته‌قه‌كردن له‌ رێستورانتێكی هه‌ولێر، من و چه‌ند هاوڕێیه‌كیش وه‌ك ده‌یان هاوڵاتی تر بۆ خواردنی نیوه‌ڕۆ له‌وێ بووین، سوپاس بۆ خوا كه‌ هه‌موومان سه‌لامه‌ت بووین و به‌رنه‌كه‌وتین، دیاره‌ هه‌ندێ كه‌ناڵی نابه‌رپرسی ڕاگه‌یاندن، هه‌بوونی منیان له‌وێ قۆستووه‌ته‌وه‌ و بۆ مه‌رامیتر هه‌واڵی بێبنه‌مایان له‌سه‌ر نووسیوه، لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ په‌نا بۆیاسا ده‌به‌م و داواییاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ تۆمار ده‌كه‌م".

 

گومانە نادیارەکان..

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، دوای ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکان بە خێرایی گەشتوونەتە ڕێستۆرانتەکە و ڕێگرییان لەوە کردووە هیچ کەسێک لە ڕێستۆرانتەکە بچێتە دەرەوە، هەندێک میدیا باس لەوە دەکەن، "هێزە ئەمنییەکان بە کەسانی ناو ڕێستۆرانتەکەیان وتووە، کەس مافی نییە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕووداوەکە بڵاوبکاتەوە، هەروەها ناوی هەموو ئەوکەسانە نووسراوە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لەوێ بوون!".

 

بۆچوونی چاودێرانی سیاسیی

لەسەر ڕووداوەکە، چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن، کە "ئەگەر هەیە دەستی میتی تورک و هاوکارەکانی لە ڕووداوەکەدا هەبێت، بە ئامانجی ئەوەی ئازادانەتر هێرش و داگیرکاریی بکەن لە باشوری کوردستاندا و ڕێگە لەو دژایەتییانەی هاوڵاتیان بگرن کە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا هەیانە".

 

هێرشبەران چۆن لەو هەموو پاسەوان و کامێرایانەدا هەڵهاتوون

هەندێک چاودێریش بەگومانەوە لە ڕووداوەکە دەڕوانن و دەپرسن، چۆن لەناو ئەو هەموو پاسەوانانەی کارمەندانی میتی تورک و مەتین بارزانیدا تەقەکەرەکە ڕزگاربووە؟ دەشڵێن. "بۆچی کامێراکانی چاودێریی نەیانتوانیوە هیچ سەرەداوێکی ڕووداوەکە ڕوون بکەنەوە، لە کاتێکدا هەزاران کامێرای نهێنی و ئاشکرا لە هەموو شوێنەکانی هەولێردا دانراون!؟.

تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە، هیچ سەرەداوێک لە هێرشبەران ئاشکرا نەبووە، هەروەها لە تەواویی کاردانەوەکانی ناوخۆ و دەرەوە و خودی تورکیا، هیچ لایەن و کەسێکیان بە فەرمی تۆمەتبار نەکردووە.

س.ح