لە ٢٠ وڵاتەوە نامەیەک ئاڕاستەی کەجەکە و یەکێتی و پارتی کرا

لە ٢٠ وڵاتەوە ١٥٠ ژنی سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس، نووسەر و ئەکادیمی نامەیەکی کراوەیان بۆ کەجەکە، یەکێتی و پارتی نارد و لە نامەکەدا سەرنجیان خستووەتە سەر داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک و داوای یەکێتییان کردووە.


ئەمڕۆ ١٥٠ ژنی سیاسەتمەدار، نووسەر و ئەکادیمی لە ٢٠ وڵاتی وەک 'سوید، فینلەندا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا، ئۆرۆگوای، شیللی، نەرویژ، ئێران، ڕوسیا و ئوسترالیا...' نامەیەکی کراوەیان بۆ هاوسەرۆکانی کەجەدە بەسێ هۆزات و جەمیل بایک، سەرۆکی پ.د.ک مەسعود بارزانی و بۆ هاوسەرۆکانی ی.ن.ک لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی نارد.

لە نامەکەدا ئاماژە بە پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کراوە و هاتووە: دەوڵەتی تورک ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشێکی سەربازیی لە دژی ناوچەکانی زینی وەرتێ، کە ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە و نزیکی چیای قەندیلە لە باشوری کوردستان. بەشێک لە ئامادەکارییەش ئەوەیە، کە دەیانەوێت هێزەکانی کورد بە وەکالەت و نوێنەرایەتیی ئەوان لەوێ جێگیر ببن و لەو رێگەیەوە گوشار لە هێزە سیاسییەکانی کورد بکەن،شەڕێکی ناوخۆیی لەناو کورادندا دروست بکەن.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، "تورکیا ئەندمی ناتۆ، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئەوروپایە، پاڵێوراویشە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپادا، سەرباری ئەوانەش یاسا نێونەتەوەییەکان و ڕێککەوتننامەکان پێشێل دەکات. بێدەنگیی ئەو رێکخرا و دامەزراوە نێونەتەوەییانە بووەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی تورک کوردان بکاتە ئامانج".

هەر لەو نامەیەدا هاتووە"ئەوە تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی کوردان نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی گێژاو و قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران و نۆکەریی نێوان گروپە عێراقییەکاندا هێرشێک لە نزیک قەندیل، وەک ستراتیژیای داگیرکەریی تورک رێگا بۆ ژیانەوەی داعش و هاوپەیمانە جیهادییەکانی دەوڵەتی تورک دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک لەو هێزانە بۆشایی ئەو ناوچەیەدا پڕ بکاتەوە، باشووری کوردستان کە هەندێک ئارامە، رێگا بە رووی کردنەوەی قەیرانێکی بەرفراوانی ناوچەیدا دەکاتەوە".

هەروەها، باس لەوە کراوە،"کوردستان گۆڕەپانی شەڕی ناوچەیی و جیهانیی نییە، دەشبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە سەرچاوەی ئیلهامی پێکەوەژیان لە دیموکراسی و ئاشتیدا بژی".

ئەو ژنانە داوایان لە بەڕێوەبەرانیی هەر سێ لایەنەکە کردووە، بە یەکێتی نەتەوەیی ئەو پیلانە مەترسیدارە پوچەڵ بکەنەوە.

ش.ف