هەولێر، ژنێک هەلی کاری بۆ ٣٨ کەس ڕەخساندووە

كەزیبان عەزیز، ناسراو بە دایكی سامان، ماوەی پێنج ساڵە دەرفەتی كاری بۆ زیاتر لە ٣٠ ژن ڕەخساندووە، باس لەوە دەکات، ئاستەنگییان هاتووەتەڕێ، بەڵام تێیان پەڕاندووە، داواش لە ژنان دەکات لە ماڵەکان بێنە دەرەوە و تواناکانیان بسەلمێنن.


كەزیبان عەزیز، ناسراو بە 'دایكی سامان' دانیشتووی شاری هەولێرە و سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥ كارگەی دروستكردنی نانی تیریی دەكاتەوە، دواتر خواردنگەیەكی كوردەواریی دەكاتەوە، پاشان دروستکردنی نانەکە فراوان دەکات و دەیکاتە دوو لق.

خواردنگەکەی دایکی سامان دەکەوێتە گەڕەکی بەختیاری شاری هەولێرەوە، ڕۆژانە کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی بۆ ١٢:٠٠ی شەو کراوەیە، ئەم ژنە توانیویەتی لەکارەکانیدا هەلی کار بۆ ٣٢ ژن و شەش پیاو بڕەخسێنێت.

لە خواردنگەکەدا بەیانیان، نیوەڕوان و ئێواران خواردن پێشکەشی سەردانیکاران دەکرێت، بەپێی ژەمەکانیش خواردنەکان دەگۆڕدرێن، بۆ نمونە، لە ئێواراندا ناسكە نان، نان بە پەنیر، نان بە گونجی و نان بە گۆشت پێشکەشی میوانانیان دەکەن، بەڵام بەهۆی ڕەمەزانەوە ئێستا بەیانیان و نیوەڕوان شوێنی کارەکەیان داخراوە.

زۆرترین خواردن، کە سەردانیکاران بیخۆن، شلە و برنج، یاپراخ و بریانییە، هەروەها ستافەکەیان ئامادەن خواردن بە شێوازی گەیاندن بگەیەننە ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوەدەکەن.

دایکی سامان دەڵێت، سەرەتا ئاستەنگیان بۆ دروستبووە، بەڵام بەسەریدا زاڵ بوون و سەرکەوتوون، دەشڵێت، کۆرۆنا و کەرەنتنیە زیاتر لە دوومانگ، زیانی زۆری پێگەیاندوون و تازە کەوتوونەتەوە سەر کارەکانیان، ئێستاش هەموو ستافەکە نەگەڕاونەتەوە سەرکار.

دایکی سامان داوا دەکات، کە هەموو ژنان لە ماڵەکان بێنە دەرەوە و تواناکانی خۆیان بخەنەڕوو.

بەڕێز محەمەد، یەکێک لە سەردانیکەرانی خوردنگەکە  دەڵێت، شەش مانگە ئێواران سەردانی خواردنگەکەی دایكی سامان دەكات، دەشڵێت هۆکاری سەردانەکەم ئەوەیە، کە "خواردنەكانیان فۆلكلۆرییە و خۆماڵییە، هەست دەكەم زۆر تەندروستیشە".

س.ح