ڕۆژەڤی ئەمڕۆ ١١-١-٢٠١٩

- لە سەرانسەری کوردستان و ئەوروپا مانگرتن لە خواردن دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە، ئەمڕۆش مانگرتنەکەی لەیلا گوڤەن لە زیندانی ئامەد دەبێتە ٦٤ ڕۆژ و مانگرتنی ناسر یاگز لە هەولێر دەبێتە ٥٢ ڕۆژ.


- ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٣٠ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە شاری سلێمانی، چلەی ماتەمینی عەبدولڕەحمان خلیفە، دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی بۆردی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی هاوکات ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.

- هاوڵاتیانی گەرمیان پشتگیریی خۆیان بۆ شەپۆلی مانگرتنەکان دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕادەگەیەنن و باس لەوەش دەکەن، میدیاکانی باشوری کوردستان گرنگی بەو چالاکیانە نادەن، ئەگەر نا خەڵکی زیاتر بەشداریی لە مانگرتنەکەدا دەکرد.

- کاردانەوەکان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا چالاکوانێکی چەپی ڕۆژهەڵات دەڵێت، هەوڵدان بۆ ئازادیی ئۆجالان، دەبێتە زەمینەیەک بۆ ئازادیی گەلان ، دەشڵێت: داگیرکاریی سەدساڵەی کوردستان بە درێژەدان بە گۆشەگیریی بەردەوامە.

- کەسایەتیی و پەیڕەوکارانی ئاینی زەردەشت لە شاری سلێمانی، ئاماژە بە گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن و ڕایدەگەیەنن، یەکێتی نەتەوەیی تەنها چارەسەرییە بۆ کێشەکانی چوارپارچەی کوردستان، دەشڵێن: پێویستە یەکێتی کوردان دروستبێت تا عەفرینێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.

- لە سەدەی ڕابردوودا و لەناو مەیدانی هونەر و گۆرانی وتندا، تەنیا پیاوان ڕۆڵی دیارییان نەبووە لە چڕینی لاوک و حەیران و گۆرانیدا، بەڵکوو ژنانی کورد لێرە و لەوێ توانیویانە لە دەوڵەمەندکردن و ڕازاندنەوەی هونەری کوردی ڕۆڵ ببینن، ئەگەرچی لە چاوی خەڵک و کوردستاندا ونبوون، بەڵام هێشتا دەنگەکانیان زیندووە و گۆرانیەکانیان دەوترێتەوە.

- شەپۆلێکی بەفربارین ڕووی لە باڵەکایەتی کردووە و بەو هۆیەشەوە نزیکەی ١٠ سانتیمەتر بەفر لەناو سەنتەری شارۆچکەی چۆمان باریوە و لە دەوروبەری چۆمان-یش نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر باریوە و بەو هۆیەوە ڕێگەی دەیان گوندی سەر بە شارۆچکەکە داخراون.