ڕۆژەڤی ١٠-١-٢٠١٩

- لە سەرانسەری کوردستان و ئەوروپا مانگرتن لە خواردن دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە، ئەمڕۆش مانگرتنەکەی لەیلا گوڤەن لە زیندانی ئامەد دەبێتە ٦٣ ڕۆژ و مانگرتنی ناسر یاگز لە هەولێر دەبێتە ٥١ ڕۆژ.


- ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر گروپێکی نوێیان دەست بە مانگرتن دەکەن، هەروەها قسە لەسەر کار و چالاکییەکانی ڕۆژانی دەهاتووش دەکەن.

-لە هۆڵی ماملێ لە شارۆچکەی قەڵادزێ یادی شەهیدانی پاریس دەکرێتەوە، کاتژمێر ٠٢:٠٠ی پاش نیوەڕۆ، بە ڤیدیۆ

- ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئاوارەکانی شاری موسڵ لە کەمپی حەسەن شام خۆپیشاندانێک دەکەن سەبارەت بە نەبوونی سوتەمەنی و پشتگوێ خستنیان لەلایەن حکومەتی عێراقی.

- مەراسیمی ڕاگەیاندنی نوێترین کاری تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە بەڕیوەدەچێت، ئەمڕۆ لە سلێمانی کاتژمێر ٣:٣٠خولەکی دوانیوەڕۆ.

- ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ یەکەم جار هاوڵاتیەکی شاری کەرکوک سکاڵای یاسایی دژی (بەشی دابەشکردنی سوتەمەنی لە مەنتوجات) تۆمار دەکات لە دەستەی دەستپاکی کەرکوک، بەهۆی خراپدابەشکردنی بەشە نەوتی مانگانە، ئەم هاوڵاتیە بۆخۆی دەیان بەڵگەی دەستکەوتووە لە بەهەداردانی نەوتی ماڵان و گەندەڵی.

- تەواوکردنی خوێندن و دانەمەزراندنی، نەیتوانیوە ببێتە لەمپەر لە بەردەم خولیاکان و چێژی کارکردنی کۆژین، بەڵکوو بە هەوڵدانی خۆی توانیویەتی هەلی کارکردن بۆ خۆی بڕەخسێنێت و لە ماڵەوە کار لە سەر بەرهەمهێنانی چەند جۆرێک سابوون بە شێوەیەکی سروشتی بکات.

- دکتۆر کەیوان ئازاد، پسپۆڕێکى بوارى مێژوو و مامۆستاى زانکۆ، ئاماژە بەوەدەکات، کە کورد لە هەموو قۆناغەکانى مێژوودا باجى یەکنەبوونى داوە، دەشڵێت: کورد ئەگەر نەشتوانێت یەکڕیزبێت، پێویستە ڕیزەکانى نزیک بکاتەوە، هەروەها سەرنج دەخاتە سەر ئەو هەوڵانەى پەکەکە داویەتى بۆ یەکێتى نەتەوەیى.

- لوقمان حەسەن، چاودێری سیاسیی، چالاکییەکان دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەرزدەنرخێنێت و بە "وەڵامێکی باش بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان" وەسفیان دەکات، ستایشی هاتنە لای یەکی حزبەکانی باکوری کوردستانیش دەکات و هیواخوازە:"حزبەکانی باشوری کوردستان بەهۆش خۆیاندا بێنەوە و بێنە لای یەک".

- کتێبفرۆشێک ئیدانەی هەڵسووکەوتی ئاسایشی سلێمانی و گرتنی گەنجان و ڕێگریکردن لە فرۆشتنی کتێبەکانی ئۆجالان و ساکینە جانسز دەکات و دەڵێت: قەدەغەکردنی کتێب و ڕێگری لە ئازادی فکر خزمەتە بە دوژمن و، بەم کارەشیان ناتوانن فکر دیل بکەن.