ڕۆژەڤی ١٠-٥-٢٠١٩

- پیاوێکی تەمەن ٦٨ ساڵ لە بەرد و پاشماوەی کۆن و تەقەمەنی، بەدەست و بازووی خۆی، گوندی ئەحمەدئاوای سەر بەشارەدێی خورماڵ، بەشێوازێکی هونەری و بچوککراوە دروستدەکاتەوە، لە بارەی کارەکەشی دەڵێت: وەک حەزو ئارەزووی خۆم چوار ساڵە خەریکی دروستکردنی گوندەکەم و دەمەوێت نەوەی تازە ئاشنا بکەم بە کلتوری کۆن.


- دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هاوڵاتیانی کورد لە شارۆچکەی خورماتوو ئاوارەبوون، پاشان دۆخە هێوربوویەوەو زۆرینەی ئاوارەکان گەڕانەوە، بەڵام لە ئێستادا بە "تەقینەوە و کاری ئاژاوەگێڕی هەوڵێ تێکدانی پێکەوە ژیان لە سنوورەکە دەدرێت".

- پارێزگای بەسرا چەند ساڵێکە بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە داوای بە هەرێم بوون دەکات، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێکی سائیرون ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوان نایانەوێت بەسرا ببێتە هەرێم، چونکە ولاتانی دراوسێ دەستێوەردانی تێدا دەکەن.

- هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا داوای یەکڕیزی لە لایەنە سیاسییەکانی کورد دەکەن، پێیانوایە، ئەگەر یەکگرتوویی لەناو کورددا هەبێت کەس ناتوانێت هێرشی بکاتەسەر، لەو چوارچێوەیەدا لاوکبێژێک دەڵێت: ئێمە خۆمان کەلێنمان هەیە، بۆیە دوژمن هیرش دەکاتەسەرمان.

- دوای ئەوەی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە وتی: فڕۆکەی کەشفی چەکداری تورکیا، لە باشوری کوردستانەوە هەڵدەفڕن و هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، جارێکی دیکە بوونی بارەگاکانی سوپای تورک هاتنەوەبەرباس، لە باشوری کوردستان زیاتر لە ٢٠ بارەگای سوپا و میتی تورک هەیە، لە بارەگای بامەڕنیش فڕۆکەخانە هەیە.

- نەگەڕانەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خەزێنەی عێراق، کێشەیەکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدایە و هەر ئەوەش بە نێودەوڵەتیکردنی چەندین مەرزی دیکەی هەرێمی ڕاگرتووە، هەروەها ڕەنگە عێراق جارێکی دیکە خاڵی گومرگیی لەنێوان کەرکوک و- هەولێر و سلێمانیدا دانێتەوە.

د.ع