ڕۆژەڤی ١٢-٤-٢٠١٩

- بڕینی ڕەز لە ڕواڵەتدا کارێکی ئاسانە، بەڵام وەک کە سانی بەئەزموون و شارەزای بوارەکە دەڵێن، پێویستی بە شارەزاییە و ئەگەر بە نەزانیی ببڕدرێت بەرهەمی نابێت، خاوەن ڕەزێکیش لەسنوری شارەدێی وەرتێ دەڵێت: ئەمساڵ بە هۆی بارینی بارانەوە درەنگ دەستیان بە ڕەز بڕین کردووە.


- پرسی وەگرتنەوەی پێشینەکان مووچەخۆرانی شاری هەولێری نیگەران کردووە و هاوڵاتیان دەڵێن: خەڵک چەند ساڵێکە لەقەیران‌ و دۆخێکی نالەباردایە، بۆیە پێویستە حکومەت لەو پاشەکەوتەی لایەتی قەرزەکان وەربگرێتەوە نەک مووچەکانمان ببڕێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: لە بری ئەوەی حکومەت داوی قەرزی فەرمانبەران بکات، با ئەو مووچانەی لایەتی بیداتەوە.

- لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، مەسعود عەبدولخالق ڕەخنە لە حزبەکان دەگرێت و پێیوایە، کە "ڕێز لە دەنگی خەڵک ناگرن و کەی بەرژەوەندییەکانیان بگاتە یەک ڕێکدەکەون"، ئومێدیشی بە کابینەی نوێ نییە و پێشبینیی دەکات کە خراپترین کابینەی ٢٧ ساڵی ڕابردوو بێت.

- مانگرتنی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆۆتامیا بە بەشداریی ٦٠مین گروپ و لە ١١٩مین ڕۆژدا لە شاری سلێمانی بەردەوامی هەیە، دایە فەتحیە، وەک ژنێک و خوشکی شەهیدێک داوا دەکات هەمووان پشتیوانی لە مانگرتووان بکەن.

- لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ژنە شۆڕشگێڕ و پارێزەری مافەکانی ژنان و دامەزرێنەری یەکەمین کۆمەڵەی تایبەت بە ژنان لە باشور، کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆش وەک پێویست یادی ئەو کەڵە ژنە ناکرێتەوە.

د.ع