ڕۆژەڤی ١٢-٦-٢٠١٩

ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٤:٠٠ی دوانیوەڕۆ، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، دژی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان و سیاسەتەکانی لەسەر کەرکوک، لە پارکی نالی لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن.


-کاتژمێر ٤:٣٠ ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان لە هەولێر، نوێنەرایەتی هەدەپە سیمینارێک لە بارەی ڕۆڵ و پێگەی کورد لە ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، بۆ د.کامەران مەنتک، مامۆستای زانکۆ و دیلان دیرایەت، پەرلەمانتاری هەدەپە ڕێکدەخات.


-گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، کە لەتەواوی جیهاندا بەخەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و دووژمنانی دەناسرێنەوە، ئێستاش لە برادۆست لە گەورەترین خۆڕاگرییدان لەبەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورک، ئەوان لە تەنیشت چەکەکانیانەوە، بە پێنووسەکانیان دیوی دووەمی ئەو خەباتە دەنووسنەوە.


-بەشێک لە حزبە سیاسییەکان لە گەرمیان، ئیدانەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ خاکی کوردستان دەکەن و پێیان وایە ئامانجی تورکیا داگیرکردنی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی تاکی کوردە،دەشڵێن:"تاکە وەڵام بۆ ئەو داگیرکارییانە،یەکێتی نەتەوەییە".


-خاوەن پێداویستییەکی تایبەت لە شارەزوور، ڕۆژانە بە ماتۆڕ سکیلەکەی بەکاری پینەچییەتی بژێوی ژیانی دابین دەکات، لە بارەی کارەکەیەوە دەڵێت: كارەكەی باش نییە و ڕۆژ هەیە پێنج هەزار دیناریشی دەست ناکەوێت،لەگەڵ ئەوەش هاوسەرەکەشی خاوەن پێداویستی تایبەتە ونەشتەرگەرییەکی پێویستە کە ٢٠٠٠٠ دۆلاری تێدەچێت.
-دوای ١١ ساڵ لە دروستكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارۆچكەی چۆمان، هاوڵاتیانی ئەو شارۆچكەیە بەدەست خراپی و نەبوونی ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن و سەڕای هەبوونی چەندین سەرچاوەی ئاوی سازگار هێشتا قوڕاو بۆ ماڵەکان بەردەدرێتەوە.


-لێنەدانی مارشی ئەی ڕەقیب کە وەک دەوترێت لەبەر وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە و شێوازی پێشوازیی و ناوهێنانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بە "سەرۆک" و بانگهێشتنەکردنی نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ مەراسیمەکە، دیارترین ئەو دیمەنانە بوون، کە لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەرکەوتن و کاردنەوەی بەداوی خۆیدا هێنا، کۆی گشتیی مەراسیمەکەش بەلای چاودێرانەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.