ڕۆژەڤی ١٣-٥-٢٠١٩

​​​​​​​-ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە هۆی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، یادی ٣٢ ساڵەی ڕاپەڕینی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور دژی زوڵم و ستەمی بەعس لە ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ دەکرێتەوە.


-سینی و زەرف یارییەکی کلتوری گەلانی کەرکوکە و زیاتر لە سەدەیەکە ئەو یارییە لە شەوانی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدرێت، یارییەکە بۆتە هۆی کۆکردنەوەی نەتەوەکان لە دەوری یەکتر، وەک یاری چییەکانیش دەڵێن: یارییەکە یاری سەرجەم نەتەوەکانەی شارەکەیە.

-دایکانی باشوری کوردستان هێرشکردنە سەر دایکان لە باکوری کوردستان ئیدانە دەکەن و دەڵێن: کردەوەکانی تورکیا وەکو تاوانەکانی ڕژێمی بەعسە. دایکانی باشور پشتیوانی لەو بەرخۆدانەی دایکانی باکور و ئازایەتییان دەکەن.

-محەمەد ئەمین پێنجوێنی پێیوایە، کە پەیامەکەی ٦ی ئایاری عەبدوڵا ئۆجالان، کاریگەریی لەسەر سیاسەتی تورکیا و ناوچەکە و جیهانیش دەبێت و بۆ هەمووی دنیای سەلماند، کە خواستی گەلی کورد ئاشتیی و چارەسەریی دیموکراتییە، سازدانی دیداری پارێزەرانیش بە دەستکەوتی مانگرتنەکان ناودەبات و دەڵێت: سەرکەوتنی مانگرتن تورکیا ناچار بە شکاندنی گۆشەگیریی و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتیی دەکات.

-دوای گەیاندنی کێشەو و داواکاریی و خراپی دۆخی نەتەوە جیاکانی خورماتوو لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە بە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە بڕیارێکی تایبەتی وەزیر، خەڵکی کەمئەندام، کەم درامەت و بێوەژنان مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.

-هاوشێوەی شوێنەکانی تر لە شاری دهۆک-یش لە مانگی ڕەمەزاندا خواستی هاوڵاتیان لەسەر کاڵا و خواردن زیاتر دەبێت، لە بەرامبەردا بازرگان و فرۆشیاران نرخ بەرز دەکەنەوە، قائیمقامی شارەکەش دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندیی بە ڕەمەزانەوە نییە، هەرکەسێکیش نرخ بەرزکاتەوە سزا دەدرێت.

-پیسبوونی ژینگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی خاکە، کە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و مەترسی لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، مامۆستایەکی زانکۆ باس لە مەترسییەکانی پیسبوونی خاک و هۆکارەکانی دەکات و ئەوەش دەخاتە ڕوو کە بەشێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی خاک بۆردومانەکانی وڵاتانی داگیرکەرە.