ڕۆژەڤی ١٣-٨-٢٠١٩

- کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی شاری دهۆک، بەڕێپێوانێک لە گۆڕستانی شاخکێ وە بۆ سەر گۆڕی شەهیدی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، یادی سێهەمین ساڵەی تیرۆری وەدات حسێن دەکەنەوە، هەروەها لە سەر گۆڕەکەی بەیاننامەیەک دەخویننەوە و دواین زانیاریی لەسەر کەیسەکەی ڕادەگەیەنن، کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە.


- ژمارەک لە گەنجانی ژینگەپارێزی باڵەکایەتی هەڵدەستن بە پاککردنەوەی سەر ڕێگای سێ شوێنی گەشتیاری (قەیماسان، گەلیی سەکران، گەلی دووبرایان) کە زبڵ و خاشاکێکی زۆری لێ کەوتووە و سیمای ژینگەی ناوچەکەی تێکداو، کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە.

- سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن-دا، هێشتا بکەران و دەستەکانی پشت ئەو تاوانە ئاشکرانەکراون و کەیسەکەی بە تەمومژاویی ماوەتەوە، ئەمەش بەلای ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری ڕۆژنامەنووسانی تیرۆکراوەوە، ڕێخۆشکەربووە بۆ زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆژنیوز لەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن.

- وەستایەکی تەمەن ٧٩ ساڵ، زیاتر لە نیو سەدەیە لە شارۆچکەی سەیدسادق بەپینەچێتی بژێوی خۆی دابین دەکات، وەک خۆی باسی دەکات "لەسەر دەستی خۆم چەندین کەسم فێری ئەو پیشەیە کردووە، بەڵام لە ئێستادا پیشەکە بەرەو لە ناوچوون دەچێت و خەڵک کەمتر پێڵاو چاکدەکات"، ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆژنیوز لەوبەرەیەوە .

- لە شارەدێی باوەنور، مامۆستایەکی هونەر هەستاوە بە کۆکردنەوەی هونەرمەندان و خۆبەخشانە گروپێکی هونەری بەناوی نەوا پێکهێناوە و جگە لە کار و چالاکییە هونەرییەکانیان، خولێکی فێرکردنی دەف و ئامێرە ڕیتمییەکانیان بۆ گەنجان کردۆتەوە، فێرخوازان خولەکە بە هەوڵێکی گرنگ وەسف دەکەن بۆ برەودان بە توانا و بەهرە هونەرییەکانیان.