ڕۆژەڤی ١٥-٣-٢٠١٩

- دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پلانێکی پێنچ ساڵە بۆ هاندانی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، لەو ماوەیەدا هاتنی گەشتیاران لە نەورۆزدا دەگەیەننە دوو ملیۆن گەشتیار، بە دواداچونێکی ڕۆژنیوز لەو بارەیەوە.


- بەشیک لە ژنانی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین لەپێناو جەستەیەکی ڕێک و تەندروستییەکی باش، ڕوو لە هۆڵەکانی وەرزش دەکەن، هەفتەی ڕۆژێکیش چەند کاتژمێرێک بە پێ دەڕۆن، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە.

- هەفتەیەکە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، بە مەراسیمێک کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ نەخۆشێکی تێدا چارەسەر نەکراوە و دەنگۆی داخستنی هەیە، تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجەش دەنگۆکە ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت" لە سێ هەفتەی داهاتوودا دەست بەوەرگرتنی نەخۆشەکان دەکەن"، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە وردەکاری زیاتر دەخاتە ڕوو.

- ڕێگای هاتووچۆی حەوت گوندی گەرمیان هەرەسیهێناوە و مەترسیی بۆسەر ژیانی هاتووچۆکەران دروستکردووە، لەئەگەری هەرسهێنانی زیاتر هاتووچۆی گوندنشینان پەکی دەکەوێت، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی گەرمیان-یش ڕایدەگەیەنێت: چاوەڕوانی بودجەین بۆ چاککردنی ڕێگاکە، بە ڤیدیۆ.

- بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتیی کەرکوک، بێکاریی لەو پارێزگایە لە ئاستێکی مەترسیداردایە و تەنیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٤٥ هەزار کەس وەک بێکار ناویان تۆمارکردووە، هاوڵاتیانی شارەکەش دەڵێن: ناکرێت لە شارێکی دەوڵەمەندی وەک کەرکوک بێ کاربین، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی لەوبارەیەوە.

- هەڵگرتنی پاشەکەوت هەواڵێکی دڵخۆشکەربوو بۆ مووچەخۆران، بەڵام پێدەچێت لێکەوتە نەرێنییەکانی وابکات، ئەو دڵخۆشییە زۆر نەخایەنێت، بەوپێیەی پسپۆڕانی ئابووریی هۆشداریی لە هەڵئاوسانی بازاڕ دەدەن، وەک پێشینەیەکیش نرخی خانوو و زەوی لە هەندێک شوێنی سلێمانی ١٠ هەزار دۆلار زیادیکردووە، بەدواداچونێکی ڤیدیۆیی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە.

- چالاکی مانگرتن لە خواردن لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری سلێمانی بەردەوامە، دوو دایکی خەڵکی باشور و ڕۆژهەڵات، کە ڕۆڵەکانیان گەریلان لە شاخەکانی کوردستان، بەشدارن لەو مانگرتنە، بە ڤیدیۆ.

- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی پێنج کەسیی، کە پێکهاتبوون لە دوو ژن و سێ پیاو، بە ئامانجی بینینی لەیلا گوڤەن و پشتیوانیکردن لە هەدەپە بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان، سەردانی ئامەد-یان لە باکوری کوردستان کرد، بە ڤیدیۆ.

د.ع