ڕۆژەڤی ١٧-٩-٢٠١٩

- ڕەهبەر سەید ئیبراهیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوە دەخاتەڕوو، کە لەمیانی پێشوازییکردنیان لە شاندی هەدەپە بەڕاشکاوانە قسەیان کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریی دەربڕیوە، لەسەر ڕێبازی مام جەلالیش بەردەوامدەبن لە کارکردنی بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی، دەشڵێت: ئاشتی بەبێ ئازادیی بەڕێز ئۆجالان پێکنایەت.


- دانیشتوانی گوندەکانی سنوری بناری قەندیل، ستایشی کارەکانی شارەوانی بناری قەندیل دەکەن و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە شارەوانی بناری قەندیل، سەرەڕای ئەوەی ئامێری پێویستی لەبەر دەستدانییە بەڵام توانیویەتی خزمەتگوزاری باش پێشکەشی سنورەکە بکات، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیلیش دەڵێت: بەو زووانە پردی بڕەدێن کە ۱۲ گوند بە شارۆچکەی پشدەر دەبەستێتەوە تەواو دەبێت.

- کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی داخرانی کارگە ناوخۆییەکان و ڕەوکردنی سەرمایەدار و بازرگانەکاندایە، بەشێک لە سەرمایەدارەکان سەرمایەکانیان دەبەنە دەرەوەی کوردستان، لەجێگەی ئەوانیش سەرمایەی بیانیی بازاڕەکانی هەرێم داگیردەکات و گرانیی بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت.

- ئێستا وەرزی چنینەوەی لۆبیای تەڕە لە گەرمیان، کە جوتیاران ساڵانە لە سنورەکە ١٠٠ تەن بەرهەمدێنن، سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی ئەوناوچەیە ناوبانگی هەیە، بەڵام بەرهەمی گوندی بەرلوت - ناوبانگ و تامێکی تایبەتتری هەیە، گوندنشینان دوای چنینەوەی بەرهەمەکانیان لە نزیک کێڵگەکان بەشێکی زۆری ساخدەکەنەوە و خەڵک لە شارەکانی دیکەشەوە بۆی دێن.

ک.س