ڕۆژەڤی ١٨-٥-٢٠١٩

-مانگرتنەکان لە زیندانەکان و کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەردەوامیی هەیە، ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی گروپێکی نوی دەستبەمانگرتن دەکەن.


- کۆمەڵەی خێرخوازی کەرکوک کەمینێکی هاوکاری لەژێرناونیشانی(باهەمووان هاوکاربین، ئەوانیش شایستەی ژیانن) بۆمەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆنەخۆشانی شێرپەنجە ڕێکدەخەین، لەناو نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کەرکوک کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە.

- ١٢ ساڵە هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدریت چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو دوو هێزە یەکبخرێن، ئێستا ئەم بابەتە کەوتووەتە ئەستۆی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام نازاندرێت هەوڵەکانی حکومەتی نوێش بە دەردی هەوڵەکانی ڕابردوو دەچن یان نا.

- یارییە فۆلكلۆرییەكان بەتایبەت یاری کڵاوێن، شەوانی مانگی ڕەمەزان لە شاری هەولێر گەرمتر دەكات، سەرۆكی ناوەندی حەیران بێژانی كوردستانیش دەڵێت: ساڵانە خولی تایبەت بەو یارییانە دەکەینەوە و دەمانەوێت لە ڕێگای ئەو یارییانەوە كلتوری باوباپیرانمان بە زیندویی بهێڵینەوە.

- لە هەڵەبجە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کە کارمەندی بانکی خوێنە لە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و هەردوو قاچی کار ناکات، ڕۆژانە وەک کارمەندەکانی دیکە سەرکەوتووانە کارەکانی ڕایی دەکات، بەرپرسێکی نەخۆشخانەکەش دەڵێت: ئەو کارمەندە زۆر سەركەوتوانە کارەكانی خۆی جێبەجێدەكات، بۆیە سوپاسی تایبەتمانكردووە.