ڕۆژەڤی ٢٤-٥-٢٠١٩

-مانگرتنەکان لە دژی گۆشەگریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە زیندانەکان و کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ گروپێکی نوێ لە شاری سلێمانی دەستبە مانگرتن دەکەن.


-لە دوای ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستانەوە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١، چەند گەنجێک لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دژی هێرشەکانی ڕژێمی بەعسی سەدام مانگرتنیان ڕاگەیاند، یەکێک لەو مانگرانە، سەلام عەزیزـە، دەربارەی چالاکی مانگرتنەکەیان و گرنگی ئەو مانگرتنانەی دژی گۆشەگریی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بەڕێوەدەچن، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

- بۆ ئەو کەسانەی یەکەمجار دەچنە هەولێر، شارێکی گەورە بە شەقامە گەورەکان و بینا نوێیەکانی کە لەم ساڵانەی دووایی بنیاتنراون، سەرنجڕاکێشە، لە گەڕەکەکانی ناوەنددا شارێکی پاک و خاوێن دێتە بەرچاو، بەڵام کاتێک سەردانی گەڕەکەکانی قەراغی شار دەکەی، دیمەنێکی دیکەی شار دەبینی، ئەو ناوچانەی دەتوانی وەک "ڕووی شاراوەی شار" پێناسەیان بکەی، کە لەناو زبڵ و خاشادا غەرق بوون، بەدواداچونێکی ڤیدیۆیی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە.

- مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر-ی تەمەن ٢٥ ساڵ، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری جولەمێرگ-ی باکوری کوردستانە و لە ڕۆژی ١٤ی ئایارەوە، لە بارەگای ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی، دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، مانگرتنی لەخواردن تا مردن ڕاگەیاندووە، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە.

- لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە ژنان لە شوێنی کارکردن ڕووبەڕووی مامەڵەی نەشیاو و دەستدرێژیی دەبنەوە، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا یەکێک لەو ژنانە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، کە بەو هۆیەوە وازی لە کارەکەی هێناوە.

- هاوڵاتیانی ده‌ربه‌ندیخان، ڕایده‌گه‌یه‌نن، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شارۆچكه‌كه‌یان، حه‌ب و شروبی ماوه‌ به‌سه‌رچوو به‌هاوڵاتیان ده‌ده‌ن و به‌ مۆبایل تیشك بۆ هاوڵاتیان ده‌گرن، به‌رپرسێكی ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخانیش، بۆ ڕۆژنیوز، پشت ڕاستی دەکاتەوە کە دەرمانی بەسەرچوویان داوە بە خەڵک و دەڵێت: ڕاسته‌ ده‌رمانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو هه‌یه،‌ به‌ڵام به‌وشێوه‌ زۆرە نیه‌، هۆكاره‌كه‌شی كه‌می و نەبوونی ده‌رمانە.

د.ع