ڕۆژەڤی ٢٦-٣-٢٠٢٠

لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، ژمارەیەک کەسایەتی و مامۆستای ئاینی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە شاری کەرکوک، کەمپینی ژیان ڕادەگەیەنن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی، بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ خانەوادە کەمدەرامەتەکان.. ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠.


قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان، زۆرینەی سێکتەرەکانی ژیانی پەکخستووە، بەتایبەتیش کاریگەریی لەسەر باروگوزەرانی خەڵکانی کرێکار و کرێنشین و کەمدەرامەتان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هێشتا پلانێکی بۆ چارەسەری ئەو دۆخە نییە و لەبری هاوکاریکردنی خەڵک تەنها چاوی لە دەستی خێرخوازانە.

كنگر، یەكێكە لەخواردنە ڕووەکییە كوردەوارییەكان، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهارو جەژنی نەورۆزدا، کنگر وەک ڕوەکێکی بەهارە بەشێوەیەکی سروشتی لە چیاکاندا دەڕوێت، دوای کۆکردنەوەی هاوڵاتیان بەشێوازی جۆراوجۆر ئامادەی دەکەن و وەک ژەمە خواردنێک کە تامو چێژی تایبەتی خۆی هەیە دەیخۆن، بەڵام ئەمساڵ کۆرۆنا کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمە خۆراکییەش هەبووە.

جوتیاران گلەیی دەکەن کە بە هۆیی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانن کاروباری کشتوکاڵ و چاندنی بەروبوومە وەرزییەکان ئەنجامبدەن و دەڵێن، کە هەرچەندە بڕیار دراوە کە هاوکاریی جوتیاران بکرێت بەڵام هاوکارییەکان وەک پێویست نین، ئاماژە بەوەشدەکەن ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوامبێت ئەوا ئەمساڵ بەروبوومەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکەن.