ڕۆژەڤی ٢٦-٤-٢٠١٩

- یادی ٤٥ ساڵەی بۆردوومانی هەڵەبجە دەکرێتەوە، کە ڕۆژی ٢٦ی نیسانی ١٩٧٤ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆردوومان کرا. ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە.


- مامۆستایەکی ئاینیی، باس لە پەلامارەکانی دەسەڵاتی تورک دەکات بۆ سەر گەل و پەیڕەوانی ئاینە جیاوازەکان، لەکاتێکدا ئەو دەسەڵاتە بانگەشە دەکات، کە جێبەجێکاری ئاینی ئیسلامە، بەڵام ئەو مامۆستا ئاینییە جەخت دەکاتەوە، "تورکیا هیچ بنەمایەکی ئیسلام جێبەجێ ناکات".

- نەهرۆ خانەقینی لە ٢٤یەمین ڕۆژی چالاکی مانگرتنیدا، دژ بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان، داوا لە خەڵکی خانەقین دەکات مانگرتن دژ بە گۆشەگیریی فراوان بکەن، دەشڵیت: ئێستا کاتی نیشاندانی هەڵوێست و چالاکییە لەپێناو مافەکانی کورد و شکاندنی گۆشەگیریی.

- بە بودجەی ملیاردێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار، لە شەقامەکانی شاری سلێمانی ٢٩ ترافیک بۆ پەڕینەوەی هاوڵاتیان دانراوە، هاوڵاتیان لەگەڵ ئەوەی دانانی ترافیکەکان بە کارێکی باش دەزانن، ڕەخنەی ئەوەش دەگرن، کە بەشێک لە ترافیکەکان شوێنەکانیان گونجاو نییە و زۆرکاتیش بەهۆی بێکارەباییەوە کارناکەن. 

- بەپێی ئامارێک لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٥ حاڵەتی خۆکوشتن لە کەرکوک تۆمارکراون و شارەکە لە ڕیزبەندی سێیەمی لیستی شارەکانی عێراق دێت لە دوای پارێزگای کەربەلا و بەسرەوە. چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنانیش دەڵێت: حاڵەتەکان لەوە زیاترن، ئەندامێکی ئەنجومەنی کەرکوکیش پێیوایە ڕێژەکە جێی مەترسییە.