ڕۆژەڤی ٣٠-٥-٢٠١٩

- لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو ژنانەی، کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و باڵاتریان هەیە، نیوەی ژمارەی ئەو پیاوانەن، کە هەمان ئەو بڕوانامانەیان هەیە، جیاوازیی ڕەگەزیی و نەبوونی ئابوریی سەربەخۆ-ش بە هۆکاری ئەو جیاوازییە زۆرە ئەژمار دەکرێن.


- یەکێک لەو چالاکانەی گەرمیان، کە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان مانیگرتبوو، باس لەوە دەکات، کە بە سەردانییکردنی ئیمراڵیی پرسی کورد چارەسەر نەبووە و نابێت ڕێگا بە تورکیا بدرێت سود لەم دەرفەتە وەبگرێت بۆ دژایەتیی کورد، بە پێویستیشی دەزانێت، کورد بۆ چەسپاندنی مافەکانی، چالاکییەکانی فراوان بکات.

- قەرەباڵغی لەسەر بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و هاوڵاتییان ئامادەکاریی بۆ جەژنی ڕەمەزان دەکەن و پێداویستییەکانی جەژن دەکڕن، دوکاندارێک دەڵێت: بەهۆی ئەوەی مووچە دابەش نەکراوە فرۆشیان بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو کەمترە، کڕیارێکیش دەڵێت: شتوومەکان نرخیان زۆرە بۆیە وەک پێویست ناتوانن پێداوستییەکان بکڕن.

- عەدالەت عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆ پێیوایە، کە پەیامەکانی ئەم دواییەی عەبدوڵا ئۆجالان، بە پلەی یەکەم بۆ دەوڵەتی تورک بوو، تا پێیان بڵێت کە ئەوان هەمیشە بە لۆژیکی هێز سیاسەتیان بەرامبەر کورد کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بۆیە دەبێت لۆژیکی ئەقڵ زاڵبکرێت.
- ته‌نها له‌مانگی ئایاردا، ٢٥٠ حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ لە سنوری گەرمیان تۆمار کراون به‌رگری شارستانی گه‌رمیانیش دەڵێت: ١٣١ حاڵەتیان ئاگر کەوتنەوە بووە له‌نێو ده‌غڵودانی جوتیاران کە سەرجەمیان هۆکاری ڕوودانیان گوماناوین‌.