ڕۆژەڤی ٣-١٢-٢٠١٨

- ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستی تایبەتە، لەو چوارچێوەیەشدا سەنتەری داون سیندرۆم بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کاتژمێر ٩ی بەیانی چەند چالاکییەک ئەنجامدەدات، لەناو پیشەسازیی تەنیشت مۆزەخانەی سلێمانی.. بە ڤیدیۆ


- سەنتەری لێکۆڵینەوەی یاسایی و ڕامیاریی لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی وۆرکشۆپێک سازدەکات لەسەر بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ لە هۆڵی سیمینارەکانی کۆلێژی یاسا..بەڤیدیۆ

- ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ حاکم ئازاد، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان دەچێتە هەڵەبجە لە بینای لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لەگەل پارێزگاری هەڵەبجە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیان دەبێت لەسەر کێشەی دانپێدانانی لقی هەڵەبجەی سەندیکا و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ڕۆژنامەنوسان..بەڤیدیۆ

- کاتژمێر ١١، لە ساڵیادی شوێنبزرکردنی ڕۆژنامەنوس محەمەد حەسەن ئەشکەنەیی، گردبونەوەیەک ئەنجام دەدرێت لەبەردەم  پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەولێرتێیدا داوای چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکرێت و تاوانبارانیش بە دادگا بگەیەنرێن.

- ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ گروپی هەشتەمی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر دەست بە مانگرتن دەکەن..بەڤیدیۆ

-خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی  لەبەردەم دەرگای سەرەکی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا، بەیاننامەی دووەمی خۆیان دەخوێننەوە و هەڵوێستی خۆیان دەربارەی دابینکردنی بەشێک لە پێداویستیەکانی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان دەخەنە ڕوو، لە هەمان کات سەڕەرای خۆپیشاندان، شێوازی نوێ و قۆناغی دووەمی چالاکیەکانیان ڕادەگەیەنن.. کاتژمێر ١:٠٠ی پاش نیوەڕۆ

-ڕێکخراوی ئاسودە پانێڵێک سازدەکات بە ناونیشانی"با هەموومان داکۆکییکاربین لە مافی خاوەن پێداویسیتییە تایبەتەکان"، لە هۆڵی هۆتێل های کریست لە شاری سلێمانی، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی بەیانیی.

- بزوتنەوەی گۆڕان-یش چووە ڕیزی ئەو لایەنانەی کە داوای وەزارەت لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن و وەرگرتنی ئەو وەزارەتە بە مافی خۆیان دەزانن.

- ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە "پارتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی وەزارەتی داد بۆ یەکێتی نەبێت".

- لەسەر داخستنی بارەگاکانیان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی ڕاپۆرتەکە، پێشکەشی هەریەکە لە یەکێتیی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکات لە عێراق.

- باسکردن لەسەر یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بەردەوامە و لەو بارەیەشەوە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.