ڕۆژەڤی ٨-١١-٢٠١٩

-ژنە نووسەر و مێژووناس لەیلان پێشنیارەکەی موراد قەرەیلان بە "پیرۆز" ناودەبات و بە گرنگی دەزانێت، کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، دەشڵێت: دەبێت لایەنە سیاسییەکان دەرس لە میژوو وەربگرن و یەکگرتووییەکەی ئیمپراتۆری میدیا زیندوو بکەنەوە.


-دوای ئەوەی وێنەی لیستێكی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی چۆمان بڵاوبوەوە، دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە لەنێو مامۆستایایان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا، كە مامۆستای وانەبێژ لەسەر پێوەری حزبایەتی دادەنرێت نەوەك پسپۆڕییەكەی، بەڵام پەروەردە ڕەتیدەکاتەوە ئەوە نووسراوی ئەوانبێت، بەدواداچونێکی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە.

-ئەگەرچی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەبوو ٢٥٪ی تەواویی پۆستە سیادییەکانی عێراق ژن بن، بەلام وەک ژنان دەڵێن ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە،

-هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بایکۆتیان ڕاگەیاندووە، ئەمەش وایکردووە، بازاڕی بەرهەمیی ناوخۆیی پەرەی زیاتر پێبدرێت و فرۆشیشیان زیاترببێت، لەوچوارچێوەیەدا کارگەیەکی دروستکردنی ڕۆن وەک خۆیان دەڵێن، فرۆشیان ٧٥٪ زیادیکردووە، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی ڕۆژنیوز لەوبارەیەوە.

-ژنان لە گەرمیان بایکۆتی درامای تورکی بە کاریگەر دەزانن بەرامبەر ئابوری تورکیا، هەروەها ئاماژە بە زیانەکانی دەکەن و باس لەوە دەکەن، کە لەو درامایانەدا سوکایەتی بە کورد بەگشتی و ژنان بە تایبەت دەکرێت، ‌دەشڵێن: باشترین کار ئەوەیە بایکۆتی بکەین، چونکە چەندین خێزانیش بەهۆی ئەو درامایانەوە هەڵوەشاونەتەوە.

-دەزگای مین بە هاوبەشی لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانی توانیویەتی لە ٢٣٤ ملیۆن مەتر چوارگۆشە ناوچەی پیسبوو بە مین، تەنیا ٦١ ملیۆن مەتری چوارگۆشە پاک بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئەندامانی سەرەڕای گرانی کارکردنیان لە هەموو مافە سەرەکییەکانیان بێ بەشن.

-ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنیوزدا دەڵێت، کە داواکاریی گۆڕینی دەستور داواکاریی خۆپیشاندەران نییە و حزبە سیاسییەکان دەیانەوێت بیکەنە داواکاریی ئەوان، دەشڵێت: حزبە کوردییەکان بەهۆی یەکنەبوونیان و گەندەڵی خۆیانەوەیە لە گۆڕینی دەستور دەترسن.