ڕۆژەڤی ٨-٢-٢٠١٩

- هاوڵاتیانی باڵەکایەتیی، پێیانوایە پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان دەرفەتی داوەتە دووژمن بۆ هێرشکردنە سەر گەلی کورد، دەشڵێن: تەنیا بە یەکڕیزیی دەتوانرێت هێرشی دووژمن ڕاگیرێت.


- یەکێک لەو کەسانەی زیاتر لە نۆ مانگ لە ئەکادیمیای ئۆجالاندا پەروەردەی بینیوە، باس لە ژیانی ڕۆژانە و کەسایەتیی ئۆجالان دەکات و دەڵێت، کە بەردەوام لەناو گەلدا بوو، زۆرترین کاتی بۆ خەبات و پەروەردەکردن تەرخان دەکرد.

- لایەنە جیاوازەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە هەولێر ئاشکرا دەکەن. ئەندامێکی بەرەی عەرەبی دەڵێت: ئامادە نین بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک لە دەرەوەی کەرکوک بکەین، تورکمانیش تائێستا بڕیاری بەشدارییکردن یان نەکردنی کۆبونەوەکەی نەداوە، ئەندامێکی یەکێتیش پێیوایە کۆبوونەوەکە ئەنجامگیر نابێت.

- مووچەخۆرانی گەرمیان، پێیانوایە لە پاش پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، هیچ بیانوویەک نەماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم لە پێنەدانی مووچەی تەواوەتی و قەرەبونەکردنەوەی مووچەخۆران، ئاماژە بەوەش دەکەن: ئەگەر حکومەت بە شێوازی ڕابردوو بەردەوام بێت و مووچە چاک نەکات ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵدەدەنەوە.

- ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوو وشکەساڵیی دەبووە هۆی فەوتان و کەمیی بەرهەمی دانەوێڵە، بەڵام ئەمساڵ بارانی زۆر زیانی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و تووشی نەخۆشیی زەردبوونی کردوون.

- ١٢ ڕۆژە نووسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک داخراوە، بەڕێوبەری کەناڵەکەش دەڵێت، هیچ هۆیەکی یاسایی لە پشت داخستنی نووسینەگەکەیانەوە نییە و ئاسایش ڕێگرە لە کردنەوەی.

- گۆڤاری بانگی کورد، کە ساڵی ١٩١٤ یەکەم ژمارەی دەرچووە، گۆڤارێک بووە بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەدەب و کەلتووری کوردیی لە سەردەمی حکومڕانیی عوسمانییدا، هەرچەند تەمەنی تەنها پێنج مانگ درێژەی کێشاوە، بەڵام توانیویەتی میراسێکی دەوڵەمەندی ئەدەبیی لەدوای خۆی بەجێبهێڵێت.