بەسێ ئەرزنجان ئەندامی دەستەى بەڕێوبەری کەژەکە ڕایگەیاند، بە ڕێکخستنی خۆپاراستن و بەرخودانێکی گەورە پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەر دەکەن و وتی: هەم دەستکەوتەکانی ژنان دەپارێزین و هەم پێشەنگایەتی بۆ بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد دەکەین.
بەسێ ئەرزنجان ئەندامی دەستەى بەڕێوبەری کۆمەڵانی ژنانى کوردستان- کەژەکە، بە بۆنەى ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی دژبە ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
بەسێ ئەرزنجان ڕایگەیاند: عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ٢١ ساڵە لە ئیمراڵی بەرەنگاریی و خۆڕاگریی دەکات، هۆکاری گۆشەگیریی قورس لەسەر ڕێبەرمان ئەوەیە، کە سیستمی ژیانێکی جێگرەوەی ئازادیپارێزی ئافراندووە، لەنێوان کۆتایهێنان بە پاکتاوکردنی ژنان و ئازادیی ڕێبەرماندا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە، هەڵمەتێک کە ئێمە بۆ ئازادیی ڕێبەرمان بەڕێوەی دەبەین لە هەمان کاتدا هەڵمەتی ئازادیی ژنانە، ڕێبەرمان لە هەمان کاتدا ڕێبەری ئازادیی ژنانە، بۆیە تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەرەو پێش دەبات، بۆ گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادیی بزووتنەوەى ژنان، دەبێت ئیدی هەموو ڕۆژێک وەک ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر لێکبدرێتەوە، لە ماڵ، لە شەقام، کارگەکان و هەموو گۆڕەپانەکەدا دەبێت لە دژی نزیکایەتیی پیاوی سەردەست بەرگری و بەرەنگاری بکەن.
بەسێ ئەرزنجان ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لەم کاتەدا ئەوەیان بینی هاوپەیمانیی ژنان لەناو خۆیاندا و لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکان چەند پێویستە، تێکۆشانی هاوبەش ناچارییە و وتی: دەبێت ئێمەى ژنان پشتبەستوو بین بە هێز، دەستپێشخەریی و ئیرادەی خۆمان، ڕۆڵی خۆمان بۆ پێشەنگایەتی بە شێوەیەکی ڕاست و پێویست بەجێبهێنین و لەو ڕێگەیەوە سەربکەوین، گرنگە ئێمە زیاتر لەوەی، کە هەیە تێکۆشانی یەکگرتووانە و ڕادیکاڵ بەڕێوەببەین و ئەنجامی بدەین، ژنان لە باکوور، رۆژئاوا، باشور، رۆژهەڵات، شەنگال، مەخمور، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، تورکیا، ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان بە بەرخودانێکی گەورە و هەڵوێستی خۆپاراستنی وەڵامیان دایەوە، دەوڵەتى تورک سەرباری هەموو هەوڵەکانی نەیتوانی یەک هەنگاو پاشەکشە بە ژنانی کورد بکات، ژنانی کورد بە ورەیەکی گەورەی ئازادییەوە، بە بەرخودان، پێداگری و بڕیارداری و ئیرادەیەکی بە هێزەوە پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ دەکەن.
دۆخی هەر چوار بەشی کوردستان
بەسێ ئەرزنجان باسی ئەوەیکرد، بزووتنەوەى ژنانی کورد لە باکوری کوردستان، لەگەڵ ژنانی گەلانی ئەرمەن، عەرەب، چەرکەس، ڕۆمی، رۆمان، تورک و هەموو گەلان و باوەڕەکان لە دژی فاشیزم بەرخودانێکی گەورەیان نیشاندا.
ئەرزنجان ئەوەشی ڕاگەیاند، لە ڕۆژئاواش سەرباری هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کار و تێکۆشانەکانی شۆڕشی ژنان بە بەهێزی بەڕێوەدەچێت و وتی، “بزووتنەوەى ژنانمان لە رۆژئاوا لە دژی داگیرکەری، گۆشەگیری و پاکتاوکردن بە ڕێکخستنکراوی و چالاکی پێکدێت، هەروەها کارەکانی یەکێتیی نەتەوەیی ژنان لەسەر بنەمای یەکسانیی ژنانی عەرەب، ئەرمەن، سوریان، چەرکەس، سوری کاری شۆڕشگێڕیی بە جێهێناوە، ژنان خێراییان بە کارەکانیان بەخشیوە بۆ بونیاتنانی شۆڕشی ژنان.
ئەرزنجان لەبارەى ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وتی: ژنان لەدژی ڕژێمی ئێران بە بەهێزیی خۆڕاگرییان کرد، ئێران لەدژی ژنان، گەلی کورد و گەلان و باوەڕەکان ناتوانێت بە شێوازی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار ئاسایشی خۆی بپارێزێت، دەبێت ماف و ئازادیی ژنان، گەلی کورد بە تایبەتیش هی یارسانەکانیش قبوڵ بکات.
لەبارەی ژنان لە باشوری کوردستان وتی: ژنان لەم بەشەدا ناچارن ڕێکخستنی ژن پێشبخەن و خۆیان بکەن بە ئیرادە، دەبێت لە باشور بە پێشەنگایەتیی ژنان قۆناغێکی دیموکراسی بەدی بێت، یەکێک لەو ناوچانە، کە توندوتیژیی دژبە ژنان تیایدا زۆرە، باشوری کوردستانە.
بەسێ ئەرزنجان ڕایگەیاند: ئەو کارەى کە دەبێت زۆر بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کورد ئەنجام بدرێت ئەوەیە، کە دەبێت ژنان کاری بۆ بکەن و سەرنجی خستەسەر رۆڵی ستراتیژیی یەکێتیی ژنانی کورد لە باشور لە بەرەوپێشبردنی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورددا.
دۆخی شەنگال
بەسێ ئەرزنجان لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد: ژنانی شەنگال دوای فەرمان هۆشمەندیی خۆیان بۆ ئازادی، خۆڕێکخستنکردنی خۆبەڕێوبەر بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەجێدەهێنن، ژنانی شەنگال بۆ خۆبەڕێوبەری شەنگال بە بەهێزی کار دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە سڵاو بۆ کارەکانی ئەمدواییەى ژنانی ئێزدی دەنێرین، دەبێت ژنانی ئێزدی بتوانن یەکێتیی خۆیان بەدیبێنن، زۆر زیاتر بەشداری کاروبارەکانی یەکێتیی نەتەوەیی و یەکێتیی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
بەسێ ئەرزنجان لەبارەی ژنانی کورد لە ئەوروپا سەرنجی خستەسەر کەمپەینی “١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر”.
بەسێ ئەرزنجان لەبارەی ژنانی گەریلاوە وتی: ئەوان هێزی بنەڕەتی و بەڕێوبەری بەرخودانمان بۆ ئازادین، گەریلاکان لەم سەردەمەدا بە تایبەتی لە هەفتانین و هەر چوار بەشی کوردستان بە شێوەیەکی فیداییانە شەڕی خۆپاراستن دەکەن.
“ئێمە بە ڕۆڵی پێشەنگایەتی هەڵدەستین“
بەسێ ئەرزنجان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بە بەرخودانێکی گەورە و ڕێکخستنێکی خۆپاراستنی پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەر دەکەین، بەو شێوەیە هەم دەستکەوتەکانی ژنان بە بەهێزی دەپارێزین و هەمیش بۆ بونیاتنانی گۆڕەپانەکانی ژیانی ئازادی جێگرەوە لە کوردستان، بە بانگەشە و بڕیارداری پێداگرییەوە پێشەنگایەتی دەکەین.
ب.ک