کوردستان یەکانە وڵاتە کە ژن تێدا سوپای خۆی بە شێوەی سەربەخۆ دامەزراندووە، بەرپرسیاریەتە بڵندپایەکانی سوپا لە ئەستۆ دەگرن و لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا چالاکانە جێگە دەگرن، جێگای بەشداربوونی ژنان لە سوپادا لە کوردستان نزیکەی ٥٠٪ـە، کە هیچ وڵاتێک تا ئێستا نەگەیشیتووەتە ئەم ڕێژەیە، لە چوارپارچەی کوردستان هێزەکانی؛ یەژاستار، یەپەژە، هەپەژە، یەژەشە و یەپەسە-ژن و فەوجی ژنانی پێشمەرگەر، هێزەکانی پاراستنی ژنانن، ئەمەش بووەتە نمونە و ئیلهامێک بۆ ژنانی جیهان.
لە جیهاندا، جێگرتنی ژنان لەناو سوپاکان نوێ نییە، لە کاتی شەڕەکاندا، ژنان بە بەشداریی خۆیان لە بەشێکی بچووکیش بێت بۆ پاراستنی وڵات جێگەیان گرتووە، ئەمەش دەتوانرێت وەکوو دەستکەوتی پاراستنی تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوو ژنان ببینرێت، سەرەڕای ئەمە، ژنان تا ئێستا نەیانتوانیوە ببنە خاوەن سوپایەکی سەربەخۆ، ڕێژەی هەربەرزی بەشداری ژنان لەناو سوپادا هی دوو وڵاتی ئیسرائیل و نیپالە، کە ٤٠٪ تێپەڕ ناکات، لە ئیسرائیل بۆ ژنانی سەرۆی ١٨ ساڵ دوو ساڵ خزمەتی سەربازی زۆرلەملێ دانراوە، بەڵام لە باقی وڵاتانی جیهان سەربازی بۆ ژنان ناچاری و زۆرەملێ نییە.
لە ئێستادا ژنان لە زۆرێک لە وڵاتان لەناو هێزی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی و … جێگەیان گرتووە، هەرچەند کەم وڵات هەیە کە ڕێگە بە ژنان بدات بچنە بەرەی پێشەوە شەڕەکانەوە، ئەو وڵاتانەش ڕێگە بە بەشداریی ڕاستەخۆی ژنان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دەدەن، بریتین لە؛ نیوزلاند، کەنەدا، دانیمارک، فیلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەرویج، ئیسرائیل و سویسرا، هەروەها لە پاکستانییش گرنگی بە هەبوونی ژنان لەناو سوپا دەدرێت.
کوردستان یەکەم وڵاتە کە بەرزترین ڕێژەی گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگەی ژنی هەیە
بەهۆی هێرشی داگیرکەران بۆسەر کوردستان، کوردەکان هەمیشە بە بەرخۆدان درێژەیان بە هەبوونی خۆیان داوە، ئەوەشی لەو شەڕەدا زۆرترین زیانی بینوە ژنان بوون و بۆ پاراستنی خۆیان و وڵاتەکەیان هەمیشە لە شەڕەکاندا ڕۆڵی پێشەنگایەتییان گێڕاوە، بە سەدان نمونەی بەم شێوەیە لە چوارپارچەی کوردستان هەیە، لەوانە؛ دەیفە خاتون، فاتە ڕەش، زەریفە، قەدەم خێر، عادیلە خانم، لەیلا قاسم و دەیانی دیکە.
ژنانی کورد لە نیوەی سەدەی ٢٠ـەمدا بە شێوەی جیاواز لەناو شەڕەکانی پاراستندا جێگەیان گرتووە، ئەمرۆش بیرەوەریی مێژووی خۆیان بە ڕێکخستن کردووە و سوپای خۆیان دامەزراندووە، لەو کاردەش دوو ئامانجیان هەبوو، یەکەم وەک پێوەرێکی سەرەکیی وڵاتپارێزی، بۆ پاراستنی خاک، وڵات، زمان و کلتوری خۆیان و دووەمیش لەدژی زیهنییەتی دەسەڵاتداریی و کلتوری توندوتیژی پیاو و دەوڵەت، چەکیان هەڵگرتووە و پاراستنی ڕەوای ژنان دەکەن.
بەو مەبەستەش، دوای سەرهەڵدانەکانی کوردستان، ژنان لەناو پارتە کوردییەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگە دەگرن، هەرچەند جێگایەکی گرنگ و سەربەخۆ بۆ ژنان تەرخان نەکرابوو، بەڵام ژمارەیەکی دیاری پێشمەرگەی ژن لە باشور لەناو ڕیزەکانی پەدەکە و یەنەکە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەناو ڕیزی حزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات جێگەیان گرت، کە نایانتوانی خۆیان لەناو ئەو پارتانەدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێکخستن بکەن.
بنەمای بە ئەرتەشبوونی ژن لەگەڵ پەکەکە داڕێژراوە
بە شێوەیەکی هەرە بەڕێکخستن کراو و سەربەخۆ، بنەمای بە ئەرتەشبوونی ژن، بە دامەزراندنی پەکەکە، دادەڕژرێت، پەکەکە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی فیس سەربە لیجەی ئامەد لە باکوری کوردستان، دامەزرا، کە ساکینە جانسز و کەسیرە یڵدرم وەک دوو ژن لە دامەزراندنیدا جێگەیان گرتووە.
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی پەکەکە تا ئێستا، ژنان بەشداری ڕیزەکانی دەبن و ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن، کە بەسێ ئانوش وەک یەکەم شەهیدی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەناسرێت، یەکەم فەرماندەی ژنی گەریلاش ‘خانم یاڤەرکایا’ـیە، ژنان لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە بۆ ١٩٩٣ هەم لەناو شەڕ و هەمیش لە مەیدانە جیاوازەکانی فەرماندەیی شەڕیان کردووە، دوای شەهیدبوونی “هەڤاڵ بێریتان” (گوڵناز کاراتاش)، لە خواکورک دژی ئەو هێزانەی باشور کە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیان دەکرد، شەهیدبوو، ژنان ساڵی ١٩٩٣ بەرەو بە ئەرتەشبوون هەنگاو دەنێن، کە لەو کاتەدا یەکەم تابوری سەربەخۆی ژنان دروست دەبێت و ژنان دەتوانن لە ئاستی باڵادا فەرماندەیی شەڕ بکەن.
یەکینەکانی ژنانی ئازادی ستار- یەژاستار
ساڵی ٢٠٠٣، کاتێک ئەرتەشی ڕزگاری گەلی کورد- ئارگەکە، ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، دوای ئەمە و هەر لەو ساڵەدا، یەکینەکانی ژنانی ئازادی ستار- یەژاستار، دادەمەزرێت، کە لە ئێستادا هەزاران گەریلای هەیە و خاوەن بڕیارگەی ناوەندیی خۆیەتی، لەگەڵ یەکینە و ئاکادیمیا سەربەخۆکان، گەریلای ژن بۆ ناو ڕیزەکانی هەپەگە پەروەردە دەکات و فەرماندەی نوێ پێدەگەینێت، گەریلاکانی یەژاستار، هاوکات بەشداری هێزە تایبەتەکانی پەکەکە دەبن کە ژمارەیان دەگاتە هەزاران گەریلا.
گەریلاکانی یەژاستار لە سەرتاسەری چیاکانی باکور و باشوری کوردستان بوونیان هەیە و دژی دەوڵەت و هێزە داگیرکەرەکانی تێدەکۆشن و بۆ وەدەستخستنی مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد شەڕی پاراستن دەکەن.
تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی ژنان- تەشەیەژە
لە چیاکانی تورکیا و باکوری کوردستان، تەڤگەری شۆڕشی یەکگرتووی ژنان- تەشەیەژە، تێکۆشانی چەکداری دەکەن، ژنان لە زۆرێک لە پارتە چەپەکانی تورکیا و بەشێکی ژنانی ناو پارتی ئازادی ژنانی کوردستان- پاژک، بەشداری ئەم هێزەن، لە چیاکانی تورکیا و باکوری کوردستان و هەروەها لەناو شارەکانیش چالاکی دەکەن.
یەکینەکانی پاراستنی سڤیل- ژن (یەپەسە-ژن)
یەپەسە- ژن ساڵی ٢٠١٦ و لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوبەریی باکوری کوردستان، لە شاری گەڤەر، بۆ پاراستنی گەل و ژنان دامەزرا، کە لە ئێستادا سەدان ئەندامی لە باکوری کوردستان هەیە، دژی ناوەندەکانی سوپای تورک لە شارەکان، ناوەندە هەواڵگیریەکان، دژی لەشفروشی، مادەی هۆشبەر، تێکۆشان دەکەن.

ژنانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ژنان لە کاتی دامەزراندنی کۆماری مەهابادەوە پەیوەندییان بە ڕێکخستنە سیاسییەکانەوە کردووە و دوای ئەوەش لەناو ڕیزی پێشمەرگەکانی دوو لقی حزبی دیموکرات و سێ لقی حزبی کۆمەڵە و پارتی ئازادی کوردستان- پاک، جێگەیان گرتووە، پێشمەرگەکانی ژن تا ئێستا نەیانتوانیوە سیستمێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دروست بکەن، بەڵام لەناو خەباتی پڕۆپاگاندای چەکداری جێگە دەگرن.
هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- هەپەژە
لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە، هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- هەپەژە، بە شێوەی ئەرتەش دامەزرا، دوای دامەزراندنی هیزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- هەرەکە، هێزەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- هەژەرەکە، وەک باسکی ژنان خۆی بەرێکخستن کرد، ساڵی ٢٠١٤ـەش، کاتێک هەرەکە ناوی گۆڕی بۆ یەرەکە، هەژەرەکە-ش ناوی گۆڕی بۆ هەپەژە.
هەپەژە خۆی لەسەر بنەمای پارادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن بەڕێکخستن دەکات و لەسەر بنەمای پاراستنی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێدەکۆشێت.
بە هەزاران گەریلای هەپەژە لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانە و لەناو ڕیزەکانی یەرەکە-ش گەریلاکانی ژن جێگەیان گرتووە و لە ئاستی فەرماندەییدا پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، لەناو ڕیزەکانی هەپەژە، نە تەنیا ژنانی کورد، ژنانی فارس، ئازەری و نەتەوەکانی دیکەش جێگەیان گرتووە.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە (ڕۆژئاوای کوردستان)
دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا دەستیپێکرد و خەڵکی ڕۆژئاوا لەدژی هەبوونی ڕژێمی سوریا سەرهەڵدانیان کرد، هێزەکانی ڕژێم لە ڕۆژئاوا کشانەوە، لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سوریا، چەتەکانی سەربە هێزە هەرێمی و جیهانییەکان، ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، لەسەر پێویستی پاراستنی خەڵک، ساڵی ٢٠١٢ یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، دامەزرا و دوای ئەوەش ژنان بەشداری ڕیزەکانی ئەو هێزە بوون و ساڵی ٢٠١٣، یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە،ـیان دامەزراند.
شەڕڤانانی یەپەژە لە سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دانە و لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش و سوپای داگیرکەری تورک، بە شێوەیەکی چالاک جێگە دەگرن، بەپێی زانیارییەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٢٤ هەزار ژن لەناو ڕیزەکانی یەپەژە-دا بەشداربوون و لە ٤٥٪ بۆ ٤٩٪ی ژمارەی شەڕڤانان پیکدێنن.

ئاسایشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان
هێزی ئاسایشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دان، کە هەشت ساڵە دامەزراوە و بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی ناو شار، پشکنین، دەستگیرکردن و هەموو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان دەبن.
هێزی پاراستنی جەوهەریی ژنان
هێزەکانی پاراستنی جەوهەری ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەتی بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی پیاو و هەموو هێرشەکان دامەزراوە، کە هەزاران ئەندامی هەیە و لە هەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکانی ڕۆژئاوا-دان، هەروەها وەک هێزی ئاسایشی ناوخۆی شاریش کار دەکەن و خۆپیشاندان و کارە بە کۆمەڵەکان لەناو شارەکان دەپارێزن.
هێزی دژەتیرۆر
ژنانی پسپۆری ناو یەپەگە و یەپەژە لەناو هێزەکانی دژەتیرۆر جێگە دەگرن، وەک هێزی تایبەتی ڕۆژئاوا ڕۆڵ دەگێڕن، ژمارەیان لەناو ڕیزەکانی دژەتیرۆر زۆرە.

ئەرکی خۆپاراستن
هەموو گەنجان (پیاو)ی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت ئەم ئەرکە بۆ چەند مانگ بەجیی بێنن، بەڵام بۆ ژنان بە دڵخوازە، بە مەرجێک تەمەنی یاساییان تەواو کردبێت.
قەسەدە
لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتی- قەسەدە، کە لە سەرتاسەری ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەن، ژنانی کورد، عەرەب، ئاسور، ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکەش جێگە دەگرن و بەشداری هەموو شەڕەکان دەبن و لە ئاستی باڵادا فەرماندەیی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن.

یەژەشە
دوای هێرشی چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆسەر شەنگال، کە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە، دامەزرا و ژنانیش تێیایدا جێگەیان گرت، ژنانی شەڕڤان خۆیان بەڕێکخستن کرد و دوای ماوەیەک یەکینەکانی ژنانی شەنگال- یەژەشە،ـیان دامەزراند.
ئاسایشی ژنانی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٩ لە خانەسۆر دامەزرا، هەرچەند ژمارەشیان کەمە، بەڵام لە زۆرێک لە ناوچەکانی شەنگال کار و خەباتی خۆیان بەڕێوەدەبەن.
هەروەها ژمارەیەکی دیار لە ژنانی ئێزدی لەناو هێزە تایبەتەکانی شەنگال-دا جێگە دەگرن و بە شێوەیەکی پسپۆرانە پەروەردە دەبینن.
فەوجی ژنانی پێشمەرگە (باشور)
فەوجی ژنانی پێشمەرگەی باشوری کوردستان کە لە ٤٠٠ ژن پیکدێت، لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە دامەزراوە و سەربە هێزەکانی ٧٠ی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، هەروەها فەوجی ژنانی پێشمەرگەی سەربە هێزەکانی ٨٠ـش هەن.

لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوەش هەرچەند بە شێوەیەکی چالاک نەبێت، لەناو ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆلیس هاتوچۆ جێگەیان گرتووە.
هەروەها ژمارەیەکیشیان لەناو هێزەکانی دژەتیرۆر جێگەیان گرتووە.
بوونی هێزی پاراستنی ژنان، ڕێگە لە توندوتیژی دەگرێت
لەو ناوچانەی هێزەکانی پاراستنی ژنان تێیایدا باڵادەستن، ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و توندوتیژی دژی ژنان کەمترە، وەکچون لە ڕۆژئاوا، شەنگال و قەندیل (پشدەر) و هەروەها لە باکوریش دەرەوەی توندوتیژیی دەوڵەت دژی ژنان، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی تورکیا کەمترە.
ئێستاش پرسیارێک کە دەبێت بکرێت ئەمەیە، داخۆ لەپاڵ پاراستنی وڵات، بۆ پاراستنی ژنانی کورد و هەموو ژنانی هەرێمەکە، ئەو هێزەی پاراستنی ژنان چون دەتوانن لەدژی توندوتیژی سەر ژنان بە تێکۆشانی هاوبەش و سەربەخۆ، بوەستنەوە؟ ئایا دەتوانن بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکان، بنەماڵەیی و پارچەییەکان تێپەڕێنن؟ ئایا دەتوانن بۆ هەموو بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ژنان، تێکۆشانی هاوبەش و بە بەرنامە بەڕیوەببەن؟
ب.ک