سێشەممە, 14 أبر 2020 – 13:57 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی بەبۆنەی جەژنی چوارشەممە سوورەوە، ئەمڕۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە لەگەڵ ئەو هەموو فەرمانەی بەسەر خەڵکی ئێزدییدا هاتووە، بەڵام دەستی لە باوەڕیی و کلتوری خۆی هەڵنەگرتووە، بەتایبەت ژنانی ئێزدی، کە قوربانیی زۆریان لەو پێناوەدا داوە.
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە:”جەژنەکانی کۆمەڵگای ئێزدیی هەموو گوزارشت لە سروشت و گەردوون دەکەن، بۆیە واتای مەزنیان هەیە، چوارشەممە سوور-یش یەکێک لەو جەژنانەیە، ئێزدییەکان چوارشەممەی نیسان یان چوارشممەی سەری ساڵ، وەکو سەری ساڵ بۆ خۆیان دەبینن و لە بوەڕی ئێزدییەکاندا لەو ڕۆژەدا گەردوون دروستدەبێت و بە گوڵ و گیا دەڕازێتەوە”.
تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە باوەڕمەندانی ئێزدیی دەکەن و داوا لە تەواوی ئێزدییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەن، کە یەکێتیی و یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.
ش.ف