بەشێک لە پیاوان ئەنجامدانی توندوتیژیی دژ بە ژن، دەگەڕێننەوە بۆ باوەڕنەبوون بە یەکسانیی، تێنەگەیشتن لە ژن و سیستمی حوکمڕانیی پیاوسالاریی هەرێمی کوردستان.
جیاواز لە ڕاپۆرتەکانی ڕابردوو، ئەمجارە دەمانەوێت بۆچوونی پیاوان بزانین لەبارەی کێشەکانی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان دەکرێت.
نادر عەباس، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلارە و باس لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە پیاوان بێئەوەی لە ژنان تێبگەن و لە کێشەکانیان بکۆڵنەوە، بڕیاری نادروستیان لەسەر دەدەن.

نادر، سیستمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیش بە هۆیەکی سەرەکیی چەوساندنەوەی ژنان دەزانێت و دەڵێت: سیستمی هەرێمی کوردستان پیاوسالارانەیە، ژنی پشتگوێ خستوە، لەبەرامبەر یاساشدا ژن و پیاو یەکسان نین.
هەروەها، سەباح محەمەد، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی بەڕێوەبەرایەتىی ئەوقافی گەرمیان، ئاماژە ناهاوسەنگیی ڕەگەزیی کرد، بە شێوەیەکی زەق لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە و پیاو بە پلە یەک و ژن بە پلە دوو لێی دەڕواندرێت، “ئەمە هەڵەتێگەیشتنێکى گەورەیە، پێویستە ژن و پیاو بەیەک چاو سەیربکرێت، نابێت کەس لە کەس بەزیاتر یان کەمتر بزانرێت”.

سەباح محەمەد، تیشکی خستە سەر تێڕوانینی ئاینی ئیسلام بۆ ژن و وتی: هەندێک لەوانەی شیکردنەوەیان بۆ ئایەت و فەرموودەکانى پێغەمبەر کردوە، شیکردنەوەى هەڵەیان کردوە، ژنیان بێ ماف و بە کەم نیشانداوە، جیاوازییان لەنێوان ژن و پیاودا کردوە، بەڵام ئاینی ئیسلام جیاوازیی لەنێوان ژن و پیاودا ناکات، بۆیە پێویستە جارێکى تر شیکردنەوە بۆ ئەو دەقانە بکرێت و ژن وەک ناو دەقەکان پیشان بدرێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی مامۆستایانی ئاینیی بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان، بەڕێوبەری ئەوقافی گەرمیا وتی: کردوومانە بە بەرنامە، هەفتانە چەند وتارێک تایبەت دەکەین بە باسکردن لەتوندوتیژیی و کێشە خێزانییەکان، پێویستە لە مزگەوتەکانەوە ئەو زوڵمەى دەرهەق بە ژنان دەکرێت، ڕوون بکرێتەوە، هۆشیاریی کۆمەڵگا بەرز بکرێتەوە، دەبێت ژنان وەک پیاوان بەشداربن لە سێکتەرە جیاجیاکانى ژیان و جیاوازی نەمێنێت بەهیچ شێوەیەک.
جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ٢٥ ژن کوژراون، ٣٨ خۆیان کوشتوە، ٦٧ ژن خۆیان سووتاندوە، ١٢٥ دەستدرێژیی جنسیی هەبوە و ١٠ هەزار و ٣٧٠ سکاڵاش تۆمار کراوە.
ش.ف