تەژەکە-ئەوروپا، دەڵێت، کە ئەردۆغان فەرمان بە دەستدرێژییکردنە سەر ژنان دەدات و سوپاکەی بەتایبەت لە کوردستان بۆ دەستدرێژیی ڕاسپاردووە، داواش لە ژنان دەکات خۆڕاگر بن و بێدەنگ نەبن.
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئەوروپا)، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت:”بلۆکی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە بە کلتوری دەستدرێژیی سیستمی پیاوسالاریی، بەردەوامە لە هێرش و سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کوردستان، ئەردۆغان و هاوکارانی، تایبەتی لە کوردستان سوپا لاقەکەرەکەیان ڕاسپاردووە”.
تەژەکە، چەند نمونەیەکی ئەو دەستدرێژییانەی باسکردووە”موسا ئۆرهان ئەفسەرەکەی سوپای تورک کە لە ئێلهـ بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستدرێژی کردبووە سەر ژنێک، وتبووی، ‘هیچم بەسەر نایەت’ و دواتر سۆیسوز خاوەنداری لێکرد. دواتریش لە شاری وان ئاشکرا بوو کە سەربازێکی تر دەستدرێژی کردووتە سەر ژنێکی ١٧ ساڵان، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە سیاسەتی دەستدرێژییکردن لە ئارادایە. ئەردۆغان کە فەرمانی دەستدرێژی داوە، هەمیشە ژنان و گەلی خۆڕاگری کردووەتە ئامانج”.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە”پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادیی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیوای بونیادنانی ژیانی جێگرەوە لە جیهاندا زیاد دەکات. لە تورکیاش لەگەڵ ئەوەی فشار لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکرێت و هاوڵاتیان دەستگیر دەکرێن، ئەردۆغان و ئەو فاشیزمەی ئەو نوێنەرایەتیی دەکات، لە بەرامبەر تێکۆشانی ژنانی کورد هەڵدەوەشێنەوە”.
تەژەکە-ئەوروپا، دەشڵێت: لەبەرامبەر کلتوری دەستدرێژیی دەوڵەت، بەتایبەت بانگەوازیی ئاڕاستەی ژنانی کوردستان و گشت ژنان دەکەین کە لە دژی فاشیزم خۆڕاگر بن، بە خۆڕاگریی ژنان، مرۆڤایەتی سەردەکەوێت، بێدەنگیی لە بەرامبەر کلتوری دەستدرێژیی، بە واتای هاوبەشییکردنی تاوانەکە دێت”.
ش.ف