جوانا سنە ئەندامی کوردناسیۆنی کژار، رایدەگەیەنێت، ڕژێمی ئێران سیاسەتی لاوازکردنی کۆمەڵگا پەیڕەو دەکات، بۆ لاوازکرنی کۆمەڵگاش کار لەسەر سیاسەتی کوشتنی ژنان و گەنجان دەکات، دەشڵێت:”ڕژێمی ئێران لە دەنگی ژن دەترسێت، بۆیە دەبێت دژ بە کوشتن و لەسێدارەدان ژنان دەنگ هەڵبڕن”.
جوانا سنە، ئەندامی کوردناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کژار) دەربارەی سیاسەتی لەسێدارەدانی ژنان و هێرشەکانی ئەم دواییانەی دەسەڵاتی ئێران بۆسەر ژنان و چالاکوانان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
جوانا سنە، باسی لەوە کردوە، دەوڵەت نەتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتداریی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت، دەبێت ئەم سیستمە پەیڕەوبکات و دەست بکاتە کوشتن و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا و وتوشیەتی” ئەم جۆرە لە سیاسەت زۆر بە زەقی لە ئێراندا دەبیندرێت، چونکە سیستمی حوکمڕانیی ئێران سیستمی دەوڵەت نەتەوەیەکە، کە خۆی لە بەرگی مەزهەب و ئایندا حەشارداوە و بەو شێوازە سیاسەتی چەپەڵی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت”.
وتوشیەتی: ڕژێمی ئێران سیاسەتی لاوازکردنی کۆمەڵگا پەیڕەو دەکات، بۆ لاوازکرنی کۆمەڵگاش کار لەسەر سیاسەتی کوشتنی ژنان و گەنجان دەکات، ئەو سیاسەتەش بەڕوونیی بەرچاوە.
جوانا سنە، ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، کە “کاتێک ڕژێمی ئێران بارودۆخی خراپ دەبێت و لەڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە تووشی قەیران دەبێت، سیاسەتی کوشتنی ژنان و گەنجان پەرە پێدەدات،لە ڕێگە باوک، برا و یاخود هەرپیاوێکی تر، کە زهنیەتی پیاوسالاریی هەیە و نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن لە ناو ماڵدا، هاوکات خۆکوژیی ژنان دروست دەبێت”.
بە بۆچوونی ئەو ئەندامەی کۆردیناسیۆنی کژار، ئێران ئێستا لە دۆخێکی خراپ و بێچارەییدایە، “چونکە پێشترباوەڕیان وابوو بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لەسەر کارنەمانی دۆناڵد ترامپ ، گۆڕانێک درووست دەبێت وکاریگەری لە سەر سیاسەتی ئەمریکا دەبێت، بەڵام ئەو چاوەڕوانییانە وەک خەونێکی بەتاڵ مایەوە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرا”ن.
جوانا سنە، بەڵگە بۆ بۆ خراپیی دۆخی دەسەڵاتی ئێران دەهێنێتەوە و دەڵێت”لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران نزیک دەبێنەوە، هەڵمەتی ڕەشبگیری دەستی پێکردوە، نموونەی ئەو ١٤٠ کەسەی کە لەماوەی ڕابردوو دەستگیرکران، خۆکوژیی ژنان فروانتر بووە، ڕێژی لەسێدارەدان زیادی کردوە ڕێژەی هەرە زۆریش لە کوردستان و باشووری ئێران و هەرێمی بەلوچستان، هەموو ئەو هێرشانە ئەو دەخاتەڕوو کە ئێران لە دۆخێکی زۆر قەیراناویدایە و هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە کۆمەڵگا چاوترسێن بکەن و دەنگە ناڕەزایەتییەکانی ناوکۆمەڵگا کپ بکەن”.
جوانا سنە، ئەوەشی خستەڕوو، کە تەنها لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو ١١ حاڵاتی لە سێدارەدانی ژنان جێبەجێکراوە، وتیشی:”لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ژنانی زیرەک و بە توانا وەک جادوگەر پێناسە دەکران و دەسووتێنران، ئێستا ڕژێمی ئێران بۆمانەوەی خۆی هەمان هەڵسوکەوتی دڕندانە بەرێوە دەبات، واتا ئێستا لە زهنێتی سەدەی ناوەڕاست دەژی لە بەرامبەر ژناندا، نموونەکەشی زەهرا ئیسماعیلی بوو، کە بە تاوانی ئەوەی هاوسەرەکەی خۆی کوشتوە بڕیاریاند بە شێوازێکی زۆر دڕندانە لەسێدارەی بدەن ئەویش ئەوبوو، کە دەبێت پێش لەسێدارەدان ١٦ جار سزای سێدارەدانی تاوانبارانی تر ببینێت، بۆیە لەو کاتەەدا بەهۆی گوشاری دەروونییەوە دڵی دەوەستێت، بەڵام بەوەش ڕازی نابن و جەستەی نیوە گیانی زەهرا لەسێدارە دەدەن”.
بە بۆچوونی جوانا، دەبێت خوێندنەوەیەکی باش بۆ سیاسەتی لەسێدارە بکرێت، “لە شەخسی ئەو کەسانەی لەسێدارەیان دەدەن ئەو پەتەی لە قوڕگی ئەوان دەکرێت لە ڕاستیدا لە قووڕگی کۆمەڵگا کراوە، لەڕاستییدا زەهرا ئیسماعیلی تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی نەکردوە، بەڵکو کچەکەی کردویەتی، بەڵام بۆئەوەی کچەکەی لەسێدارە نەدرێت، تاوانەکەی خستووەتە ئەستۆی خۆی، هاوسەرەکەی زاراش کەسێکی سەر بە دەزگەی هەواڵگریی ڕژێمی ئێران- ئیتڵاعات بوە، بەردەوام ئەشکنجەی زارا و کچەکەی داوە، لە ئەنجامدا کچەکەی زارا باوکی خۆی کوشتوە”.
ئەو ئەندامەی کۆردیناسیۆنی کژار، لەسێدارەدانی ژنان وەک سیاسەتی تیرۆر و بکەرانی وەک تیرۆرست پێناسە دەکات، پێشیوایە:”نەبوونی ژن لە گۆڕەپانی سیاسیی و تەواوی گۆڕەپانەکانی تری کۆمەڵگەدا، ئامانج کوشتنی ئێرادەی ژنانە، بە شێوازێک لە ناو کۆمەڵگادا ئیرادەی مرۆڤەکان لەناو دەبات، لەلایەكی تریشەوە بە سێدارە ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات، دەبێت ئەوەش بزانین، کە لەسێدارەدانی زەهرا ئیسماعیل هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨-ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، بۆ ئەوەی ژنان لەو ڕۆژە سەرهەڵدان نەکەن، بەم شێوازە دڕندانە زەهرایان لەسێدارە دا”.
جوانا سنە، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کژار، لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازیی بۆ ژنان و نەتەوەکانی ئێران دەکات و دەڵێت:”لە ماوەی ڕابردوودا ژنان هیچکات سەریان بۆ سیاسەتی شەڕی تایبەتی ئێران شۆڕ نەکردوە، بەردەوام لە دژی سیاسەتی ژن کوشتن و لە سێدارەدان دەنگیان هەڵبڕیوە، لەئێستاشدا دەبێت وەک ئەرکی ژنان دەنگی ناڕەزایەتیی لەبەرامبەر ژن کوشتن و لەسێدارەدان لە سەر شەقام بێت، ئێران زۆر لە دەنگی ژنان دەترسێت، بۆیە لە کاتی نزیکبوونەوە لە ٨-ی مارس دەبێت هەموو نەتەوەکان لە ئێران و هەموو ژنان دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە، بە ناڕەزایەتیی و بە دەنگ بەرز کردنەوە، سیاسەتی ئێران پووچەڵ بکەینەوە”.
ش.ف