ڕۆژنیوز – محەمەد حەسەن
لە بناری قەندیل لە دایک دەبێت، ئەم منداڵ بووە دایکی کۆچی دوایی کردووە، هەر لەو بنارەشەوە چەکی گەریلایی لە شان دەکات، دەستینا قەندیل دواتر بەشدار دەبێت لە داستانەکانی کۆبانێ تا ئەو ڕۆژەی شەهید دەبێت و “گیانی خۆی کە بەنرخترینە پێشکەشی کۆبانێ و مرۆڤایەتی دەکات”.
داستانی قارەمانانەی کۆبانێ لە ١٥ی مانگی ٩ی ٢٠١٤ دەستیپێکرد و شەڕڤانان دوای ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدان توانیان شارەکە بپارێزن و نمونەیەکی شۆڕشگێڕی لەم سەدەیەدا پیشانی دونیا بدەن، لەو بەرخۆدانانەدا چەندین هەڤاڵ شەهیدبوون، کە یەکێک لە بەرخۆدێرانی ئەو داستانانە فەرماندە دەستینا قەندیل بوو، کە لە باشوورە ڕووی لەوێ کرد و گیانی خۆی بەختکرد.
شەهید بە بەیان حەمەد ناسراو دەستینا قەندیل لە گوندی پشتاشانی بناری قەندیل لە دایکبووە، پایزی ساڵی ۲۰۰۲ بەشداری ڕێزەکانی گەریلا دەبێت و ماوەیەکی زۆر لە چیاکانی کوردستان خەبات و تێکۆشان دەکات.
دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەستینا قەندیل ڕوو لەو پارچەیەی وڵات دەکات، دوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە حەلەبەوە ڕوو دەکاتە کۆبانێ و وەک فەرماندەیەک ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکات.
لە یەکێک لە بەرخۆدانەکانی کۆبانێ، دەستینا قەندیل کە لە خوێندگەکانی کۆبانێدا لەگەڵ پۆلێک شەڕڤانی دیکە شەڕ دەکات، تا دواین ساتی ژیانیان لە سەنگەری پێشەوە دەمێننەوە، چەتەکان بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەن، بەڵام بە فەرماندەیی قەندیل ئەو شەڕڤانانە تا دواین ساتی خۆیان بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان، تا ئەو کاتەی لە ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠١٤دا چەتەکان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرش دەکەن، لە ئەنجامدا دەستینا و پێنج لە هەڤاڵانی شەهید دەبن.
مریهم حهمهد خوشكی شههید دهستینایە، باس لەوە دەکات، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دایکیان کۆچی دوایی کردووە، دەشڵێت: ئەو لە تەمەنی بچووکییەوە کەسێکی ژیر و وریا بوو، دوای ئەوەی بەشداری ناو گەریلابوو دوای ماوەیەک نامە و وێنەی خۆی بۆ ئێمە نارد، دواتر چووە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەدەکردین و زوو بە یەکەوە قسەمان دەکرد، هەمیشە دەیوت، ‘تا کوردستان ڕزگار نەبێت ناگەڕێمەوە’.

دەستینا قەندیل بە خوشکەکەی وتووە “ئەگەر شەهید بووم فرمێسک نەڕێژن، چونکە من لە پێناو خاکدا شەهید دەبم”.
خانەوادەکەی شانازیی بە ڕۆڵەکەیانەوە دەکەن و دەڵێن دەستینا لە شوێنێک شەهید بوو نەک بۆ بنەماڵە و گەلی کورد جێگای شانازییە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان شانازییە، کە چۆن باسیان لە ئازایەتی و قارەمانێتی شەڕڤانان دەکرد، بۆیە “ئێمە سەربەرزین بە شەهید بوونی ڕۆڵەکەمان”.
هەمیشە و لە هەموو شوێنەکاندا کەسوکاری شەهیدان داوای یەکڕیزی لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، لەم بارەیەوە حهمهد خدر باوكی شەهید دهستینا دەڵێت، داوایان ئەوەیە، گەلی کورد دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و پشتی یەکتر بگرن، دەشڵێت، ئەو کوردەی هەوڵ بۆ تێکدانی یەکڕیزی و پەرتەوازەیی کوردان بدات کورد نییە.

مام حەمەد پێیوایە، ئەگەر گەلی کورد یەکگرتوو نەبن هیچ کەس حیساب بۆ کورد ناکات، دەربارەی کچەکەشی دەڵێت:”من پێم خۆش بوو شەهید دەستینا له شهڕی كۆبانێ-دا بهشدار بووە و چهكی لهشان كرد و تا دواین دڵۆپی خوێن دژی دوژمنانی كورد شەڕی کرد، ئێمهش شانازی پێوە دهكهین و سەربەرزین”.
سەدان شەڕڤان لە بەرخۆدانەکانی کۆبانێدا شەهیدبوون، وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن، ئەوان گیانیان کە بەنرخترین شتە کردووەتە قوربانی”.
س.ح