زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک، کە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد دەستیان داوەتە چالاکیی مانگرتن لەخواردن، بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.
چالاکیی مانگرتن لەخواردنی زیندانیانی سیاسی (دۆزی پەکەکە و پاژک) لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک، دژی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لە شەشەمین ڕۆژیدا بەردەوامە و ڕادەستی گروپی دووەم کرا.
لە ئێستدا زیندانیانی سیاسی، ئەلا قامش و هیڤدا چەلەبی لە زیندانی بەیبورتێ وەک گروپی دووەم، دەوری چالاکییەکەیان لە زیندانیانی سیاسی سیبەل کایا و شەهریبان ئاقدەڕە وەرگرتووە.
ئەم پەیامەشیان بڵاوکردووەتەوە: “لە کاتی مانگرتندا مۆراڵمان زیاترە، بۆ هەموو لایەک ڕامانگەیاندووە؛ تا گۆشەگیری لەسەر ڕێبەرایەتی بێت، مانگرتنی ئێمەش بەردەوام دەبێت، پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ گەلەکەمانەوە هەیە، هیوای گەلەکەمان، زیاتر هیوا و هێزمان پێدەبەخشێت”.
ب.ک