شێوەکار زەهرا دۆغان کە بەهۆی سزا و قەدەغەکانی دەوڵەتی تورکەوە کۆچبەری ئەوروپا بووە و ئێستا لە باشوری کوردستانە، دەڵێت: هونەرم لە ڕیشەی خۆم وەردەگرم، ڕیشەم لە کوێ بێت خۆم لەوێ ئازادتر و بەهێز دەبینم، دەسنیشانیشیکرد؛ لە چوارچێوەی هزری ژنۆلۆژیدا کۆلکتیڤ (ناوەندی هاوبەش)ی ژنانی هونەرمەند (Jin Art) دادەمەزرێنین.
شێوەکار و رۆژنامەنووس زەهرا دۆغان کە خەڵکی ناوچەی نسێبینی شاری مێردینی باکوری کوردستانە، ساڵی ١٩٨٩ لە ناوچەی بسملی ئامەد لەدایک بووە و لەناو خانەوادەیەکی ڕەنجدەر و وڵاتپارێز گەورە بووە، لە منداڵییەوە هۆگری هونەری شێوەکاری بووە، بەڵام بە کەوتنە ناو کاری ڕۆژنامەنووسی، هونەرەکەشی سیاسی بووەتەوە و بووە بە ڕەخنەگرێکی ڕادیکاڵی سیستم، بۆیەش کاتێک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراوە و دوایی سەربەست کراوە، بە ناچار ڕووی لە هەندەران کردووە.
زەهرا دۆغان کە ئێستا لە باشوری کوردستان درێژە بە کارە هونەرییەکانی دەدات، لەسەر کار و خەباتی خۆی، هونەر، چەوتییەکانی گۆڕەپانی هونەر و جێگرەوەیەک کە پێویستە پێشبکەوێت و قۆناغی نوێی خۆی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
زەهرا دۆغان لەگەڵ خوێندنی زانکۆ، ساڵی ٢٠١٢ لە ئاژانسی هەواڵی ژن (JINHA) دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، لە قۆناغی سەرهەڵدانی خۆبەڕێوبەریی نسێبین وێنەیەکی زۆری کێشاوە و نووسینێکی زۆریشی نووسیوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەوانەش لە ئاژانسی ژنها، دەستگیر و سێ ساڵ زیندانی دەکرێت.
دۆغان دەڵیت: لە کۆڵانەکانی باغلاری ئامەد دەرفەت و زەمینەی شێوەکاری نەبوو، بەڵام من حەزم لێبوو و وێنەم دەکێشا، لە زانکۆ بەشی هونەرم خوێند، هەر لەگەڵ خوێندندا بۆ ئاژانسی ژنها کارم دەکرد، لەسەر سیاسیکردنی هونەری خۆم و کارکردن لەسەر بابەتی ژن-دا لە ئاژانسی ژنهاوە دەستم پێکرد، کاتێک وەکوو ڕۆژنامەنووس بەرخۆدانی نسێبینم ڕۆماڵ دەکرد، زیاتر وردبوومەوە و ڕوانگە و ڕێگاشم ڕوون بووەوە.
هونەری من هونەری سیاسیی و ڕەخنەگرە
دۆغان لەسەر هۆکاری هەڵبژاردنی هونەری سیاسیی و ڕەخنەگر دەڵێت: ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وڵاتێک کە بەرخۆدان و بندەستیی تێدابێت بژیت و وەک ژنێک لەناو ئەو بەرخۆدانەدا بیت، ئەو کاتە هونەرەکەت دەبێتە هونەری ڕەخنەگر، بەو شیوەیەش بۆ ئەوەی بگەمە ئامانجم هونەر بەکار دێنم، دەمەوێت ڕاوەستەی لەسەر بکەم، نامەوێت لەسەر ئەو هونەرەی کە بە قاڵب پێشکەوتووە بڕۆم، دەمەوێت ئەوە تێپەڕینم، دەمەوێت بە هونەرەکەم ڕەخنە لەوانەی بکەم کە زۆڵم و زۆرمان لێدەکەن.
بەشێک لە هونەرمەندەکان خۆیان لە سەرەوەی کۆمەڵگاوە دەبینن
زەهرا دۆغان ئاماژە بەوە دەکات کە هونەر بە بازاڕ کراوە و لە کۆمەڵگا دابڕاوە، بۆیە کۆمەڵگا لێی تێناگات و ڕەخنەی لێدەکات و دەڵێت: لە زۆربەی پیشەکاندا لەوانەش رۆژنامەنووسی، دابڕان لە کۆمەڵگا دەبینرێت، ئەو گۆڕەپانانە کەوتووەتە دەستی پیاوان، پێوەری جوانی ئەوان دیاریی دەکەن، هونەریش وایلێهاتووە، لە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە-دا هونەر بووەتە بازاڕ و مارکێت، هونەرمەندان خۆیان لە سەرەوەی کۆمەڵگا و لە ئەوان زاناتر دەزانن، جیهانیان لە کۆمەڵگا جیایە، بەڵام ژیان و هونەر وا نیین، ئەوان دەیانەوێت بیکەن بە بازاڕ، بازاریش ئێستا لەدەستی پیاوان و دەسەڵاتداران دایە.
لە ٩٠٪ی پێشانگاکانی ئێستا تێناگەم
دۆغان لە بەردەوامیدا وتی: ئێستا دەست ناگات بە هونەرمەندێک یان بەرهەمە هونەرییە گرانەکان، لە قۆتۆیەکی سپی دان، وەک کۆمەڵگا ناتوانی خۆت لەناویاندا بدۆزیتەوە، لە ٩٠٪ی پێشانگاکانی ئێستا تێناگەم، مەبەستم ئەوەی کە کۆمەڵگاش لێی تێناگات، چون دەبێت هونەرێک کە هی کۆمەڵگا بێت، کۆمەڵگا لێی تێنەگات، دەیانەوێت بەو شێوەیە و بە هونەر حوکم بەسەر کۆمەڵگاوە بکەن، بەڵام هونەر حوکم ناکات، هونەر لەگەڵ ژیان و کۆمەڵگاوە پێشدەکەوێت.
کارە هونەرییەکانی ڕۆژئاوا نمونەیەکی باشن
زەهرا دۆغان لەسەر بەرهەمە هونەرییەکان دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا دەڵێت: بە ڕای من بنەمای هونەری ڕەخنەگر لە کوردستاندا زۆر بەهێزە، ڕۆژئاوا ئێستا زۆرێک هونەرمەندی باشی هەیە، کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا نمونەیەکی زۆر باشە، ئەو گۆرانییانەی لەوێ دروست دەکرێن بە باش دەبینم، ژیانێکی بەرخۆدانی لەوێ هەیە، هونەرمەندان خۆیان بەو بەرخۆدانە ڕێکدەخەنەوە، باشوری کوردستانیش زۆر هونەرمەندی باشی هەیە، هونەریان لەسەر بە قوربانی بوون و بازاڕکردنە، کەسانی پەیوەندیدار بە هونەر پێویستە سیاسی بن، هۆکاریشی “کاری سیاسی ڕەخنەگرانە و بونیادنەر و ئەرشیڤ”ـە.
لە ئەوروپا بێ تاقەت بووم، لەسەر ڕیشەی خۆم ئازادترم
زەهرا دۆغان دەڵێت: هونەر لەسەر ڕیشەی خۆی دەخولقێندرێت، ناتوانم بڵێم جوگرافیای ئەوروپا و مرۆڤەکانی خراپن، لە ئەوروپاش ژیانی ڕەخنەگرانە هەیە، زۆر کەس دژی دەوڵەت و دەسەڵاتن، بەڵام بە دڵی من نەبوو، چونکە بە زۆر لە وڵاتی خۆم دوور کەوتمەوە، کە لەسەر خواستی خۆم نەبوو، هەستم دەکرد لە ڕیشەی خۆم دابڕاوم، بۆیە بێ تاقەت بووم، واتا هونەرم لە ڕیشەی خۆم وەردەگرم، ڕیشەم لە کوێ بێت، خۆم لەوێ ئازادتر و بەهێز دەبینم، بۆیە هاتمە باشوری کوردستان، هەست دەکەم بە کلتور و زمانی خۆمەوە بەهێزترم و خۆم تێدا دەبینمەوە.
خۆم لە ژنۆلۆژی دا دەبینمەوە
زەهرا دۆغان لەسەر پەیوەندی ژنۆلۆژی و هونەر دەڵێت: ئێستا لە باشوری کوردستان لەگەڵ ژنۆلۆژی کار دەکەم، دەمانەوێت پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هونەر و زانست دروست بکەین، کە لە ئێستادا لێک دابراون، کەچی لە ڕاستی خۆیدا پێکەوە گرێدراون، خۆم لە ژنۆلۆژیدا دەبینمەوە، بۆ من وەک ئاکادیمییەکە، ژنۆلۆژی هەوڵدەدات ئەو زانستەی لەلایەن پیاوە بۆی داتاشراوە، بگەڕینێتەوە سەر ڕیشەی خۆی و زانستی ژن پێشبخات.
بەدواداچون بۆ گۆڕستانی ژنانی بێکەس بکەین
دۆغان دەڵێت: هونەر ئەمە نییە کە بابەتێک دروست بکەیت و دوایی دەستی لێی هەڵگری، پێویستە بە شێوازی جیاواز بەردەوامی پیبدەیت، بۆ نمونە کارێکم بەناوی “سیوانی خاک” لە چوارچێوەی کاری ژنۆلۆژیدا دروست بوو، بەو شێوەیە بوو، بۆ نمونە با لەسەر گۆڕستانی ژنی بێکەس کار بکەین، کە ئەم ژنانەی بێ ناوونیشان لێرە نێژراون کێین؟ چون و بۆ کوژراون؟ بۆ هێشتاش لە باشوری کوردستان ژن لەژێر ناوی ناموس دەکوژرێت و بکوژ سزا نادرێت؟ ئەمە بابەتێکی گرنگە کە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، هونەری ئێمە لێرە دەبێت هونەرێکی چالاک و بەرخۆدێر بێت، بەدوای بابەتەکاندا بچێت و تا ڕوون و چارەسەریان نەکات نەوەستێت.
ئێمە “ Jin Art” دادەمەزرێنین
زەهرا دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە وەک ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان پلانێکی یەکساڵەیان داناوە و وتی: ژنانی هونەرمەندی چوارپارچەی کوردستان کۆدەکەینەوە و کۆلکتیڤ (هەرەوەزی)ی خۆمان دادەمەزرێنین، دەمانەوێت ناوی ” Jin Art”ی لێبنین، کە لەسەر هۆشمەندی و هزری ژنۆلۆژی دروست دەبێت، وەک دەستپێکیش دەمانەوێت لە باشور دایمەزرێنین، دوایی بیبەینە پارچەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات، دەمانەوێت دژی زیهنییەتی دەسەڵاتداریی پیاو، هونەرێکی جێگرەوە کە سنوورەکان تێپەڕێنێت پێشبخەین و بەرهەمە هەرەوەزییەکان بە بنەما بگرین.
لە کۆتاییشدا، زەهرا دۆغان وتی: دەمەوێت لەسەر کاری “ڕەنگە سروشتییەکانی کوردستان” ڕاوەستە بکەم، تەنیا لە یەک چیای کوردستان هەزاران ڕەنگ هەیە، دەمەوێت چیرۆکی گوندەکان، چیرۆکی ژنانێک کە لەو گوندانە دەژین ئەرشیڤ بکەم.
ب.ک