دەستەی خانمانی ناڕازی لە شاری سلێمانی لە دژی گەندەڵی و خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵک گردبوونەوە و داوایان کرد، دەستگیرکراوانی بادینان ئازاد بکرێن و تەقەکەرانی سەر خۆپیشاندەران بدرێنە دادگا و دۆخی مووچە ئاسایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، “دەستەی خانمانی ناڕازی”، لە دژی سیستمی حکومڕانی هەرێمی کوردستان و خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، تێیدا یاداشتێکیان خوێندەوە و چەند داوکارییەکیان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا سروشت هاواری یاداشتەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بە دۆخێکی سەخت و ناهەمواردا تێپەڕدەبێت، حکومەتیش هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ چاکسازی و باشکردنی ژیانی خەڵک، بەڵکو بەردەوامە لە برسیکردنی خەڵک و زیادکردنی قەیرانە دروستکراوەکان، بۆیە وەک خانمانی ناڕازی دەنگی خۆمان بەرزدەکەینەوە دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵات.

داواکارییەکانیان بریتیبوون لە:
-بە زوترین کات هەموو ئەوانەی کە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییە کردووە بدرێنە دادگا.
-هۆشدار دەدەین لە شکستهێنانی کەرتی پەروەردە و نەمانی ڕێز و شکۆی مامۆستا و ناوەندەکانی خوێندن، بۆیە داوادەکەین حکومەت پێدانی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئاسایی بکاتەوە، مووچە نەدراوەکانیش بگەڕینرێنەوە.
-داوادەکەین هەرچی زووە مامۆستایان و دەستگیرکراوانی بادینان ئازاد بکرێن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشیاندا تێیدا هاتبوو: لەبەرامبەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان لە ناڕەزایەتی و چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین بە شێوازێکی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی.
س.ح