ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی، لە مەراسیمێکی تایبەتدا، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان ڕاگەیاند، بەڵام هیچ ڕاپۆرت و ئامارێکی نوێ نەخرایەڕوو.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخچەی ٢٥ نۆڤەمبەر لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی شاری سلێمانی بە هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان مەراسیمێکیان بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.
لە مەراسیمەکەدا چەندین ڕێکخراو، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بەشداربوون، بەڵام هیچ ڕاپۆرت و ئامارێکی تایبەت نەخرایەڕوو، هۆکاری ئەمەشیان گەڕاندووە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنی تەندروستی.
هەر لە مەراسیمەکەدا بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بە ڕەنگی پرتەقاڵی و دروشمی “شانازی بە مێینەوە دەکەم” کۆمەڵێک پرۆشەر بڵاوکرانەوە.
بەهار مونزیر، سەرۆکی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان pdo، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئەگەرچی ڕێکخراوەکان بەردەوام کار بۆ ژنان دەکەن و ماندوو دەبن، بەڵام بەردەوام هێرشییان دەکرێتە سەر و بێڕێزییان پێدەکرێت.

لای خۆشیەوە هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییەکان بەردەوام لە زیادبووندان، هۆکارەکەشی جگە لە خراپی دۆخی ئابووریی و تەندروستی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاگەیاندنەکان و پەروەردە، گەڕاندەووە هەروەها نەبوونی پلانێکی تۆکمە و بەهێزە لەلایەن حکومەتەوە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی، جەختیشیکردەوە، ئەگەر حکومەت پلانێکی تۆکمەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەبێت و ڕێکخراوەکانیش لەژێر ئەو پلانەدا کاربکەن، ئەوا توندوتیژی کەمدەکات.
بڕیارە ڕێکخراوەکان لە درێژەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا چەندین چالاکی ئەنجامبدەن لەوانە: چاندنی نەمام لە شاخی گۆیژە و نمایشکردنی کۆمەڵێک کورتە فیلم لە بارەی توندوتیژی بەرامبەر ژناندا لە سینەمادا پەخشبکرێن.
ک.س