ڕۆژنیوز-سۆران
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی توندوتیژیی تیایدا زۆرە، بەڵام ماڵی داڵده‌دانی ژنان نییه، هەر بەو هۆیەشەوە کاتێک ژنێک ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبێتەوە، لەجیاتی ماڵی داڵدەدان، لە زینداندا داڵدە دەدرێت.
ڕێكخراوه‌كانی ژنان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان له ئیدارەی سۆران، جه‌خت له پێویستی ماڵی داڵده‌دانی ژنان ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ردولا ئاماژه به‌مه‌ترسیه‌كانی نه‌بوونی ئه‌و ماڵه ده‌كه‌ن و پێیان وایه هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی توندوتیژی له‌ساڵی ڕابردوودا، ئه‌وه ده‌هێنێت كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بیر له دروستكردنی ماڵێك بۆ داڵده‌دانی ژنان بكه‌نه‌وه.
ژاڵه عیزه‌دین، ژنه چالاكوانێكی سنوورەکەیە و له‌ناو كێشه و گرفته‌كانی ژناندایه، ئه‌و به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر كه‌یسی ئه‌و ژنانه ده‌كات كه‌وا توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: به‌هۆی نه‌بوونی ماڵی داڵده‌دانی ژنان، تووشی گرفت و كێشه‌و سوكایه‌تی و هه‌ڕه‌شه بوه‌ته‌وه.

به وته‌ی ژاڵه، ماڵی داڵده‌دانی ژنان پێویستییه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، چونكه ڕێژه‌ی توندوتیژییه‌كان ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه و به‌هۆیه‌وه ژیانی ئه‌و ژنانه‌ی توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت پارێزراونیه.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، كاتێك ژنان ڕوو له‌ڕێكخراوه‌كانی به‌رگریی له مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌توانن بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی لای خۆیان بیانپارێزن و ناتوانن به‌هه‌میشه‌یی لای خۆیان داڵده‌یان بده‌ن، زۆرجاریش به‌هۆی داڵده‌دانی ژنانه‌وه له‌لایه‌ن كه‌سوكاری ئه‌و ژنانه‌وه تووشی سوكایه‌تیی و هه‌ڕه‌شه بوونه‌ته‌وه.
له‌سۆران ئه‌و ژنانه‌ی توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و له‌ماڵی خۆیان نامێنن، به‌هۆی نه‌بوونی ماڵی داڵده‌دانی ژنانه‌وه له‌زیندانه‌كاندا له‌پاڵ ئه‌و ژنانه‌ی تاوانێك یاخود هه‌ڵه و سه‌رپێچیه‌كیان كردووه داڵده ده‌درێن و ئەو چالاكوانە ئەمە بە دیارده‌یه‌كی ناخۆش و نامۆ ناودەبات و دەڵێت: ناكرێت ئه‌و ژنانه‌ی تاوانیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه له‌یه‌ك شوێندا بمێننه‌وه، كه تاوانیان ئه‌نجامداوه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له سۆران، چه‌ند جارێك به‌نووسراوی فه‌رمی، داوای له هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه، كه بڕیار له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ماڵی داڵده‌دانی ژنان بده‌ن، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ نیشاندانی ڕه‌زامه‌ندیی بۆ دروستكردنی ماڵی داڵده‌دانی ژنان.
شێروان خالید، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له سۆران بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: ماڵی داڵده‌دانی ژنان پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كییە، چونكه له‌كاتی بوونی توندوتیژیی و گواستنه‌وه‌ی ژنان له سۆرانه‌وه بۆ ماڵی داڵده‌دانی ژنان له‌هه‌ولێر، له‌ڕێگا تووشی گرفت ده‌بنه‌وه و كه‌سوكاره‌كانیان ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ن و زۆرجار كێشه بۆ كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژیش دروست بووه و هه‌ڕه‌شه كه‌وتووەته سه‌ر ژیانیان.

ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ بوونی سۆران به‌ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، جارێكی تریش به‌نووسراوی فه‌رمی داوامان كردوه كه‌وا ڕه‌زامه‌ندیی وه‌ربگیرێت بۆ دروستكردنی ماڵێك بۆ داڵده‌دانی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌وا پێویسته داڵده بدرێن و بپارێزرێن تاكو كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئاماره‌كانی توندوتیژیی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌وا سۆران پێویستی به‌ماڵی داڵده‌دانی ژنان هه‌یه.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژی ژنان له‌سۆران، له‌ساڵی ڕابردوو زیاتر له ٣٣٠ سكاڵای ژنان هه‌بوه، چه‌ندین ڕوداوی خۆكوشتن و خۆسوتاندن هه‌بوه، ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕووبه‌رێكی فراوانی هه‌یه‌و پێویستی به كردنه‌وه‌ی ئه‌و ماڵه هه‌یه بۆ داڵده‌دانی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌وا توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.
س.س