لە هەڵەبجە، کۆیە، کەلار و چەمچەماڵیش چالاکیی جۆربەجۆر بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی بەڕێوەچوون، لە چەمچەماڵ سەردانی مەزاری دوو خوشکە کوژراوەکە کرا، لە هەڵەبجەش داوای ئاشکراکردنی ئامار و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرنگربوونەوەی توندوتیژیی کرا.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژناندا، کە لە سەرتاسەری باشوری کوردستان بەڕێوەدەچن، لە شاری هەڵەبجە و شارۆچکەکانی کۆیە، کەلار و چەمچەماڵ-یش چالاکیی بەڕێوەچوون.
هەڵەبجە
لەژێر ناوی “جیهان پرتەقاڵیی بکەن”، لە باخی گشتیی گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بۆ ئەوە کرابوو، کە ئەمساڵ توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان زیاتر بووە، بەتایبەت لە دۆخی کەرەنتینەدا وەک چۆن لە هەموو جیهان توندوتیژیی زیادی کرد، بە دڵنیاییەوە لە هەرێمی کوردستانیش بەو جۆرەیە و بەشێکی زۆری ژنان بوونەتە قوربانیی.
ئاماژە بۆ ئەوەش کرابوو، کە ڕۆژانە هەواڵی جەرگبڕ و توندوتیژیی دژ بە ژنان بڵاودەبێتەوە، بەسەدان توندوتیژیی دیكەش دەشارێنەوە پەردەپۆش دەكرێن.
ژنان داواکاریی ساڵانەی خۆیان دووبارەکردەوە، کە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژییە، کە فەرمان بۆ کردنەوەی دەرکراوە و جێبەجێ ناکرێت، بەو هۆیەشەوە ئامارەکانی توندوتیژیی لە هەڵەبجە ئاشکرا ناکرێن، کردنەوەی ماڵی داڵدەدانی ژنان و ڕەخساندنی هەلی کاریش بۆ ژنان داواکارییەکی دیکەیان بوو.
کەلار
لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەستەی گزنگ مەراسیمێکی بەڕێوەبرد.
لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە هەیفا مەجید بەرپرسی ڕێکخراوی گزنگ و پۆڵا تاڵابانی، بەرپرسی مەڵبەندی ۱۱ی گەرمیانی یەنەکە و فریاد هیدایەت، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لەگەرمیان، وتاریان پێشکەشکرد و تێدا باسی نەهامەتیەکانی ژنان و ڕۆڵی ژنان کرا لە کایە جیاجیاکانی ژیاندا.
دواتر کورتە فیلمێک لەسەر توندوتیژیی و کوشتنی ژنان نمایشکرا.
لەبەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، ئاواز نەجم و شنۆ محەمەد، چەند پارچە شیعرێکیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە کۆتاییشدا، تیپی هونەری و میوزکی سەر بە ڕێکخراوی گزنگ و هونەرمەند شیلان عوسمان چەند بەرهەمێکی گۆرانیان پێشکەشکرد.
چەمچەماڵ
ڕێکخراوەکانی ژنان و بەرپرسانی ئیداریی چەمچەماڵ، سەردانی مەزاری دوو خوشکە کوژراوەکەیان کرد لە گۆڕستانی شێخ سەعید لە شارۆچکەکە و تاجەگوڵینەیان دانا.

هەرچەندە چاوەڕێدەکرا لە مەراسیمەکەدا بەرپرسانی ئیداریی، کە ڕەمەزان ڕەمەک، قائیمقامی چەمچەماڵیش تیایدا ئامادە بوو، سەبارەت بە کەیسی ئەو دوو خوشکە زانیاریی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بخستایەتە ڕوو، بەڵام هیچ لێدوانێکی نەدا.

ئەو دوو خوشکە، کە تەمەنیان ١٧ ساڵ و ١٩ ساڵ بوو، دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانیان، ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ئەمساڵ تەرمەکانیان لە گوندێکی ناوچەی شوان دۆزرایەوە،

لەسەر ئەو کەیسە مامی کوژراوەکان دەستگیر کراوە، بەڵام تا ئێستا تۆمەتباری سەرەکیی، کە باوکیانە، دەستگیر نەکراوە.
کۆیە
بە یەکڕیزیی ژنان، لە دژی نادادپەروەریی تێدەکۆشین، ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی کۆیە ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە و تیایدا داوای سەروەریی یاسا و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی توندوتیژیی دژ بە ژنان کرا.



ش.ف