شەممە, 11 أبر 2020 – 07:41 ڕۆژنیوز – تەرزە تەها
بەڕێوەبردنی هۆزێکی گەورە لە هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور و دروستکردنی پەیوەندییەکی پتە و لەگەڵ ئینگلیزەکان، بەڵگەن لەسەر بوێریی و خاوەن کاریگەریی عادیلە خان کە ڕاستەوخۆ دوای مردنی عوسمان پاشای هاوسەری، سەرۆکایەتیی هۆزی جاف لە ئەستۆ دەگرێت.
عادیلە خانم لە دوای شەڕی جیھانی یەکەم و لە دوای کۆچی وەسمان پاشای ھاوسەری، سەرکردایەتی گەورەترین ھۆزی کوردی دەکرد کە بە جاف ناسراو بوو، دەسەڵاتی عادیلە خانم ئەوەندە مەزن بووە، کە بە شاژنی بێ تاجی شارەزوور ناوبانگی پەیدا کردبوو.
محەمەد ئەمین زەکی بەگ، مێژوو نووسی کورد، ئاماژەی بە ھەڵکەوتوویی و ھۆشیاریی عادیلە خانم و کاریگەریی لەسەر هاوسەرەکەی و هۆزەکەی و ناوچەکەش کردووە و بە بایەخەوە ئاماژەی بەتوانای عادیلە خانم لە بواری شارستانیی و بیناسازیی و کاروباری فەرمیی و کۆمەڵایەتیی و خێڵەکیی داوە.
هەڵەبجە لە سایەی عادیلە خانم و وەسمان پاشای هاوسەری و تاهیربەگ و ئەحمەد موختار بەگی كوڕانیاندا، گەلێك بینا و دامەزراوی گرنگی دیكەی بەخۆوە بینی، بەوشێوە هەڵەبجە لە گوندێكی پشتگوێخراوەوە بوو بە شارێكی گەشاوە و پێشكەوتوو، ئەمەش بوو بە مایەی حەسودیی كاربەدەستە عوسمانییەكان و ویستیان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر شارەکەدا بسەپێنن، بەڵام دانیشتوانی هەڵەبجە هەرزوو ناڕەزایی خۆیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی عوسمانییەكان بەسەر شارەكەیاندا دەربڕی.
ئەدمۆندز ئەفسەری سوپای بەریتانیا لە باشووری کوردستان و حاکمی دواتری بەریتانیا لە عێراق لەبارەی عآدیلە خانم-ەوە دەڵێت، گشت دەسەڵاتەکانی وەسمان پاشا لە پاش مردنی، کەوتە دەستی خانمی ژنی، کە لەڕاستیدا شاژنی تاج پێ نەدراوی شارەزوور بووە، ئینگلیزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی ھیندیی “خان بەھادوور” یان پێ بەخشیووە.
مێجەرسۆن، کە بە شێوەی بازرگانێکی فارسی و بەناوی “غولام حوسێن شیرازی” ەوە ساڵی ١٩٠٩ سەردانی ھەڵەبجەی کردووە و زیاتر لە شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشادا، نزیک لە عادیلە خان و تاھیر بەگی کوڕیدا ماوەتەوە، بیرەوەری و باسێکی لەوبارەیەوە لە کتێبە ناودارەکەیدا (گەشتنامەکەی) تۆمار کردووە و دەڵێت: عادیلە خانم ژنێکی بێ ھاوتا و تێگەییشتوو و خاوەن کەسایەتیەکی بەھێز بووە.
“فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی دەڤەری شارەزوور بوو نەک تەنیا لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسییدا، بەڵکو دادگای خۆی ھەبوو و زیندانی دروست کردبوو و بە خۆی سەرپەرشتیی دادگای دەکرد و پیاوخراپانی سزا دەدا، ھەروەھا کۆشک و تەلاری جوان و بازاڕی ڕێکوپێکی لە ھەڵەبجە دروست کرد و لە گوندێکی لە بیرکراوی عوسمانیەوە کردی بە ناوەندێکی سیاسیی و بازرگانیی، کە پاشایانی دەوڵەتی عوسمانی بە چاوی ئیرەییەوە مرخیان لێ خۆش کردبوو، عادیلە خانم بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدەدا بە دەسەڵاتی عوسمانی بنە و بارەگای خۆی لە ھەڵەبجە دابمەزرێنێ، لەو دەڤەرە کەس لە قسەی عادیلە خانم دەرنەدەچوو و ھەموو لایەکی ناچار کردبوو ڕێزی لێ بگرن و ملکەچی بڕیارەکانی بن”.
میس بیڵ، هەواڵگرێکی بەڕیتانی بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە ساڵی ١٩٢١ چاوی بە عادیلە خانم دەکەوێت، لە پەسنی عادیلە خانمدا نووسیویەتی، “ئێمە وەک بەریتاییەکان ناکرێت حساب بۆ عادیلە خانم نەکەین، ئەو لە ناوچەکەدا باڵادەستە، فەرمانڕەوایەتیی هۆزی جاف دەکات، بە توانا و کاریگەرییەکی زۆر زیاتر لەوەی کە بتوانیت بیری لێبکەیتەوە، وەک خانمە گەورەکانی کورد هەڵسوکەوت دەکات، هەروەها ئەم ژنە کەسایەتییەکی سەرسامکەر و سەرنجڕاکێشە بە جلوبەرگی کوردییە قەشەنگ و زوڵفە ڕەش قەترانیەکەییەوە، کە لەژێر مێزەرە گەورەکەییەوە بەسەر گۆنای ئارایشتکراویدا بەریداوەتەوە”.
عادیلە خانم، كچی عەبدولقادر بەگی كوڕی حەمید بەگی ساحێبقڕانە، ساڵی ١٨٥٩ لە شاری سنە پایتەختی میرنشینی ئەردەڵانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی ١٨٧٧ و لە هاوسەرگیریی لەگەڵ وەسمان پاشای سەرۆکی هۆزی جاف کردووە، دایکی هەردوو شاعیری گەورەی کورد، ئەحمەد موختار جاف و تایەر بەگی جافە.
دوای مردنی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٠٥ عادیلە خانم دەبێتە سەرۆکی هۆزی جاف، لەو سەردەمەدا چەندین کاری گرنگ ئەنجامدەدات، خاوەن پێگەیەکی بەهێزبووە، هەمووان ڕێزییان گرتووە، یەکڕیزی جافەکانی پاراستووە، هەروەها لەگەڵ بەڕیتانییەکان خاوەن پەیوەندییەکی بەهێز بووە.
دوای خزمەتێکی زۆر بە خەڵکەکەی، لە ڕۆژی ١١ نیسانی ساڵی ١٩٢٤ کۆچی دوای دەکات و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ لە هەڵەبجە بەخاک دەسپێردرێت، لە ساڵی ٢٠١٤ پەیکەریکی بۆ دروستکراوە و لە باجی گشتی هەڵەبجە دانراوە.
عادیلە خانم لە ژیانیدا چەندین کاری گرنگی ئەنجامداوە، لەوانە: سێ کۆشکی گەورەی دروستکردووە، دادگای تایبەت بە خۆی هەبووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی کردووە، مزگەوتێکی بە ناوی خانم و بەندینخانە و قەیسەرییەکی نوێی دروستکردووە.
د.سۆزان کەریم، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، پێیوایە، دەبێت ژنانی ئێستای کورد مێژووی ئەو کەسایەتییە کاریگەرە بخوێننەوە و شوێن هەنگاوەکانی بکەون تا بتوانن وەک ئەو خاوەن پێگەیەکی کاریگەر و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت.
د.سۆزان دەربارەی ڕۆڵی ژنان لەو سەردەمە و ئێستادا دەڵێت: بەشداریی ژنان لە کایەی ئیداریی و سیاسیی ئەو سەردەمەدا کەم و سنووردار بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لەناو کۆمەڵگادا، پێچەوانەوەی ئێسا کە بەشداریی ژنان لە سەرجەم کایەکاندا زۆرە، بەڵام ڕۆڵ و کاریگەرییان کەم و لاوازە.
لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵگای کوردی کراوەتەوە بە ڕووی جیهان، و ژنان زیاتر ئازادن لە زۆرینەی ڕووەکانەوە و دەرفەتی زۆرتریان هەیە بۆ دەرکەوتوون و نیشاندانی بەهرەکانیان، بەڵام بە وتەی د.سۆزان چەند هۆکارێک هەیە بۆ لاوازی پێگە و کاریگەریی ژنانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، دەڵێت: بەشێک لەو ژنانەی ئێستا لەناو سیاسەت و بوارەکانی دیکەدا هەن، بە هەوڵ و توانای خۆیان نەهاتوونەتە پێشەوە، هەربۆیە ناتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە کۆمەڵگادا، لە بەرامبەریشدا هەمان شت بۆ پیاویش ڕاستە لەم کاتەدا.
بە پێویستیشی دەزانێت ژنان لە بەرگی حزب و سیستمە دەسەڵاتخوازییە بێنە دەرەوە و بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و هاوشێوەی ژنانی هەڵکەوتووی کورد لە ڕابردوودا تواناو ڕۆڵی خۆیان نیشان بدەن.
ش.ف