٤٨ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەیلا قاسم لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا، لەسەر بیروباوەڕی سیاسی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەسێدارەدرا، بەوەش بووە یەکەم ژنی باشووری کوردستان کە لە سەر دەستی جەلادەکانی ڕژێمی عێراق لە سێدارە بدرێت.
لەیلا قاسم حەسەن، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیل-ی سەر بە شارۆچکەی خانەقین، لە خێزانێكی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی كورد لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە چوونەتە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بوون، هەمان ساڵ لە بەشی كۆمەڵناسیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
لەیلا بەمتمانە بەخۆبوونێکی تەواوەوە بەرامبەر گەورە دیکتاتۆری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەستاوەتەوە، خۆی دەڵێت: بەکوشتنی من هەزاران کورد لەخەوی نەزانی وشیار دەبنەوە.
هەر لەمنداڵییەوە هەستی نەتەوەیی بەهێزبوو، ستەم و زۆردەستی ڕژێمی عێراق بەرامبەر بە کورد، کاریگەری لەسەر لەیلا دروستکردووە، وایلێکردووە هۆگری نیشتمانەکەی بێت.
لەبارەی ئازایەتی و بیری نەتەوەیی ئەو ژنە کوردە ڕێزان عەزیز، یەکێک خزمەکانی و نووسەر و کەسایەتیی خانەقین، دەڵێت کاتێک “لەیلا قاسم لە زینداندا بووە و دایکی سەردانی زیندانی ئەبوغرێبی دەکات و بۆدواین جار چاوی بەکچەکەی دەکەوێت، لەیلاش دوو داوای لێدەکات و بەدایکی دەڵێت: جلی کوردیم بۆ بێنن بۆ ئەوەی بەجلی کوردییەوە شەهید ببم و ببمە بووکی کوردستان.
هەروەها بەشێک لە قژەکەشم ببڕن و بە کێلی قەبرەکەمەوە هەڵیبواسن و با ئەوکاتەی کوردستان ئازاد بوو قژەکەم بە هەوای ئازادی کوردستان بشنێتەوە و ڕوحم ئاسودە دەبێت”.
خەباتی سیاسی لەیلا قاسم
هەرچەندە لەیلا قاسم لە منداڵییەوە خاوەن هەستێکی بەرزی نەتەوەیی بووە، بەڵام ژیانی سایسی و خەباتی نەتەوەیی بەشێوەیەکی چالاک لە ساڵی ١٩٧١ دەستپێکرد، هەرزوو توانی ئەو قسە و باسانەی کە ژن ناتوانێت تێکۆشان بکات ڕەتبکاتەوە و بیسەلمێنێت ئەوە زهنییەتی کۆمەڵگایە ئەو بیرەی دروستکردووە، ئەگەرنا ئیرادە هەبێت هیچ شتێک مەحاڵ نییە.
لەو ساڵەدا لەیلا پەیوەندی بەبزوتنەوەی سیاسی کوردەوە کردووە، کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەڕێکخستن و هۆشیارکردنەوەی خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی بەغدا.
لەیلا لەگەڵ یەکێک لەهاوپۆلەکانی بەناوی جەواد هەمەوەندی پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە؛ جەواد هەمەوەندی لە ڕێکخستنەکانی شۆڕشدا کاریکردووە، لەیلا هەر لەڕێگەی جەوادەوە ماوەیەک چووە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، عەشقی خۆیان و عەشقی ئازادی کوردستانیان ئاوێزانی یەک کردبوو.
ڕژێمی عێراق لەبەهاری ساڵی ١٩٧٤ قەڵادزێ و هەڵەبجەی بە سەختی بۆردوومانکرد، لەوکاتەدا چەندین گەنجی کورد ڕوویان کردە شاخ و بوونە پێشمەرگە، بەڵام لەیلا و جەواد و هاوڕێکانیان پێیانوابوو پێویستە لەناو شارەکانیشدا خەبات و ڕێکخستن بەهێز بکرێت، لەبەر ئەوە لە بەغدا مانەوە و لەناو خوێندکاراندا دەستیان کرد بەخەباتی ڕێکستن.
دەستگیرکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی
ساڵی ١٩٧٤ دانوستانی نێوان سەرکردەکانی شۆڕش و ڕژێم کۆتایی هاتبوو، ڕژێم لەناو شارەکان ئۆپراسیۆنی فراوانی بەرامبەر ئەندامانی ڕێکخستن دەستپێکردبوو، لەڕۆژی ٢٩ی نیسان لەیلا و چوار لەهاوڕێی بەناوەکانی، (جەواد هەمەوەندی، حەسەن حەمە ڕەشید، ئازاد سلێمان، نەریمان فوئاد) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
دوای دەستگیرکردنیان ڕۆژنامەی الصورە-ی زمانحاڵی ڕژێمی بەعس، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێرەشێوێن ناوزەند دەکەن، لەگەڵ ئەوەی لەزینداندا ئازار و ئەشکەنجەی زۆری لەیلا دەدرێت بۆ ئەوەی نهێنییەکان ڕێکخستن بدرکێنێت، بەڵام جەللادەکان ناتوانن هیچ دانپێدانانێکی لێوەربگرن.
لەکاتی ئەشکەنجەدان و لێپرسینەوە لەگەڵی لەلایەن دەزگای ھەواڵگری بەعس-ەوە بە ئازایەتییەوە، پێی ڕاگەیاندوون کە “بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیاردەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم”.
ڕژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی گەنجان و چینی ڕۆشنبیری كورد، دادگایەكی نادادپەروەرانی دژ بە لەیلا قاسم و هاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركردن، دوای تێپەڕینی دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیاندا، كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لەیلا و هەر چوار هاوڕێكەی لەسێدارەدران.
کاریگەری و کاردانەوەی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم
لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی نەک هەر لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لەتەواوی وڵاتانی عەرەبی و جیهان دەنگی دایەوە، لەیلا قاسم بووە یەکەم ژنە سیاسیی لە مێژووی عێراق و کوردستاندا کە لەسێدارەبدرێت، ئەوەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەر وەک لەیلا خۆی وتبووی “شەهید کردنی دەبێتە ئیلهامێک بۆ گەلی کورد “.
هەزاران گەنجی کورد بەئاگا هاتنەوە و هەزاران کچی کورد ناونران لەیلا، چەندین شوێنی وەک پارک و خوێندگا بەو ناوە ناسێنرا و بووە بووکی کوردستان.
هەروەها بە هەزاران گەنج بە ئەوینی تێکۆشانی لەیلاوە ڕوویان لە چیاکان کردووە، لەیلا قاسم بووەتە هەوێنی چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن و هێمن و شێرکۆ بێکەس و زۆر شاعیری دیکە.
هێمنی شاعیر لە پیاهەڵدانێکیدا بۆ لەیلا دەڵێت:
لە بسکت ڕەشترە مانگە شەوی من کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من
کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من بڕۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە!
ب.ل