لە چالاکییەکی هونەریدا لە شاری سلێمانی کە ژنۆلۆژیی بۆ هونەرمەند زەهرا دۆغانیان ڕێکخستبوو، تابلۆ و نمایشێکی هونەریی پێشکەش کرا لە دژی ژنکوشتن.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەی شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ژنۆلۆژیی، چالاکییەکی هونەریی بۆ هونەرمەندی دیاری باکووری کوردستان، زەهرا دۆغان لە ژێر ناوی (شیوەنی خاک)، ڕێکخرا.
چالاکییەکە پێکهاتبوو لە کێشانی تابلۆیەک بە ناونیشانی (شیوەنی خاک) لەبەردەم شاشەیەکی داتاشۆ، کە تێیدا دیمەنی گۆڕستانی ئەو ژنانە نمایش دەکرا کە لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و گۆڕەکانیان بێ ناونیشانە، کە پرۆژەیەکی نوێی هونەریی هونەرمەند زەهرا دۆغانە لە دژی ژنکوشتن.

زەهرا دۆغان، لە کۆتایی چالاکییەکەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: (شیوەنی خاک) یەکەم نمایشی هونەرییەتی کە لە باشووری کوردستان نمایش بكرێت و لە داهاتوودا لە بەرلین و میلانۆ و چەند شارێکی دیکەی ئەوروپا نمایشی دەکات، ئاماژەی بەوەش كرد، تا مانگێکی دیکەش لە باشووری کوردستان دەمێنێتەوە و درێژە بە کار و چالاکییە هونەرییەكانی دەدات.
لە بارەی تابلۆ و نمایشەکەیشیەوە وتی: ناوی تابلۆکە شیوەنی خاکە و تێکەڵ بە ڤیدیۆیەک کراوە کە لە ناو گۆڕستانی ژنانی بێ ناونیشان تۆماریان کردوە، لە دژی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی کە تا ئەمڕۆش ژنان لەژێر ناوی ناموسدا لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن و گۆڕستانیان بێناوە و گۆڕەکانیان بێ ناونیشانە، بۆیە ئەرکی ژنانی هونەرمەندە کە بە هونەرەکەیان دەنگی ژنان بەرزبکەنەوە.
ئـ ت