لە شارى کەرکوک نۆهەمین ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پاریس بەرز ڕاگیرا و تێیدا سیمینارێک بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە ژنان سەبارەت بە کار و چالاکى و ژیانى هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕى کورد ساكینه جانسز، فیدان دۆغان و لهیلا شایلهمهز، بەڕێوەچوو.
چالاکیەکە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک لە شارى کەرکوک بەڕێوەچوو.
لە سمینارێکدا، سکاڵا سامی، ئەندامی ئەنجومەنی کەرکوکی ڕژاک، باسی لە ژیاننامەی شەهیدی سەرکردەی شەهید ساکینە جانسز کرد و وتیشی: ساكینەجانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەماز سیمبولی واتادانی ژیانن و مردنەكەشیان وانەی گرنگیی ژیانی ئازاد دەداتە كۆمەڵگا، بەتایبەتی ئەگەر ئەو پێشەنگە ژن بێت تەواو دەبێتە فێرگەی ژیان.
وتیشی: ژن خۆی لەخۆیدا هەڵگری زۆرترین بەها مەعنەوییەكانی ژیانە، هەر بۆیە سیستەمە زۆردار و دەسەڵاتدارەكانیش سەرەتا لە ژن دەدەن و لەڕێگەی لێدان لە ژنەوە كۆمەڵگا ڕووبەڕووی زۆرتریین كۆیلایەتی دەكەنەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەو ئەندامەى ڕژاک باسی لەوەکرد: فیدان دۆغان وەك دیبلۆماتكارێكی خاوەن ئیرادەی سەربەخۆی ژنانە، ڕووبەرووی هەموو سیاسەتە نادیموكراتەكانی سیستەمی سەرمایەداری بوویەوە، بەڵام ئەم شۆڕشگێڕانە ڕاستە بەجەستە نەماون، بەڵكو بوون بە بوركانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ژنان.
دواتر پاش ناساندنی ژیاننامەی ساکینە جانسز و هاوڕێکانى، لە ڤیدیۆیەکدا و بەشێوەى داتاشۆ باس لە ڕۆڵی ساکینە جانسز کرا لەکایەى سەرکەوتنی خەبات و تێکوشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و پێشخستنی رۆڵی ژنان لە کایەکانی شۆڕشگێڕیداخرایە ڕوو.
لە ٩ی کانونی دووەەمی ٢٠١٣دا لە پاریس سەکینە جانسز (سارا) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ، فیدان دۆغان (ڕۆژبین) نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە پاریس و لەیلا شایلەمەز (ڕووناهی) ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان، تیرۆرکران.
ئ.م