لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری کەرکوک ٤٨مین ساڵیادی لەسێدارەدانی ژنە شۆڕشێگێڕی کورد لەیلا قاسم بەرز ڕاگیرا.
دوێنێ ژمارەیەک ژنە چالاکوان لە کتێبخانەی کارێز لە شاری کەرکوک، ڕێوڕەسمێکیان بۆ ٤٨مین ساڵیادی لەسێدارەدانی ژنە شۆڕشگێڕی کورد لەیلا قاسم ڕێکخست.
لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا، ئامادەبووان ساتێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان ڕەوستان، پاشان ژیاننامەی شەهید لەیلا قاسم لەلایەن پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەرەوە خوێندرایەوە، دواتر دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شههید لهیلا قاسم پێشکەش کرا.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا هەردوو چالاکوان ئامینە ئەحمەد و سارا شێخانی دێبەیتێکیان پێشکەشکرد، لە کۆتاییشدا کتێبی (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو) لە نووسینی هەڤاڵ کوێستانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لەیلا قاسم حەسەن، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیل-ی سەر بە شارۆچکەی خانەقین، لە خێزانێكی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی كورد لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە چوونەتە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بوون، هەمان ساڵ لە بەشی كۆمەڵناسیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
لە ٢٩ی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا و چوار لە هاوڕێکانی بەناوەکانی (جەواد هەمەوەندی، حەسەن حەمە ڕەشید، ئازاد سلێمان، نەریمان فوئاد) بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و لە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لەیلا و هەر چوار هاوڕێكەی لەسێدارەدران.
ب.ل