لە سنووری شارۆچکەی کەلار، ژنێک سووتا، کەسوکارەکەشی دەڵێن: “خۆی سوتاندووە”، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەلاری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنانیش دەڵێت: دەستیان بە لیکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە.
بەیانی ئەمڕۆ، ژنێک بەهۆی سووتانی جەستەیەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی براوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان.
ژنەکە دانیشتووی گەڕەکی ئاوباریکی شارەدێی ڕزگارییە و تەمەنی پەنجا ساڵە و ناوی (ف. م.ر)ە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی، ڕزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بە ڕۆژنیوزی داوە، ژنەکە و ٩٠٪ی جەستەی سووتاوە و بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتانەکەی ڕەوانەی ئیمیرجنسی سلێمانی کراوە.
وتیشی: بەپێی وتەی کەسوکارەکەی “ژنەکە باری دەرونیی تەواو نییە و نەوتی بەخۆیدا کردووە و خۆی سووتاندووە”.
دەربارەی ڕووداوەکە، ئەیوب حسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەلاری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ژنان بۆ ڕۆژنیوز وتی: نەتوانراوە وتە لەژنەکە وەربگیرێت، ئەوەی کەسوکارەکەی دەیڵێن کە گوایە باری دەروونی تەواو نەبووە شتێکی “عورفیە”، وتیشی: لیژنەمان ناردووەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستمان بە لێکوڵینەوە کردووە.
ک.س