سارا قادر، مامۆستای زانکۆ ندەڵێت، هەواڵەکانى کوشتن، سووتاندن و خۆکوشتنى ژنان لە میدیاکان وەک هەواڵى بەپەلە ڕووماڵ دەکرێت، بەڵام دواتر ئەو دەزگایانە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە ناکەن و بەرنامەى تایبەت بە ڕووبەڕووبونەوەى توندوتیژیى دژ بە ژنان لە دەزگاکانیان ئامادە ناکەن، هەموو ئەمانەش هۆکارن، کە بوترێت میدیاکان هۆکار نین بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.
د.سارا قادر، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی و چالاکوانی بواری مافەلانی ژنان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز تیشکی خستە سەر ڕووماڵی میدایاکانی باشوور بۆ پرسەکانی ژنان.
سارا قادر، وتی: بابەتەکانی توندوتیژیی لە میدیاکان ڕووماڵ دەکرێن، بۆ نموونە ژنێک کوژرا، یاخود ژنێک سوتنێدرا، یان ژنێک خۆی کوشتووە، لە میدیاکان وەک هەواڵى بەپەلە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسێیانە لە میدیاکان نابینرێت، هەروەها نەبوونی لێکۆڵینەوە و ڕیپۆرتاژ و دابیینکردنى بەرنامەى تایبەت لەبارەى توندوتیژییەوە، هەموو ئەمانە هۆکارن، کە بوترێت میدیاکان هۆکار نین بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، چونکە دەبێت میدیا تەحەداى ڕوودا و توندوتیژییەکانی ناو کۆمەڵگا بکات.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوەشکرد: ناوەندى زانکۆکان و ئەکادیمیاکان بابەتی جێندەریان تێدا نییە، لەوبارەیەوە بڕیارێک هەبوو لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە وا بریاربوو وانەی جێندەریی لە ناوەندەکانی خوێندندا بخوێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە هەمانکاتیشدا زۆربەی زانکۆکان بابەتی جێندەری میدیاییان تێدا نیە.
سەبارەت بەوەی دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان نەمێنێت یان کەمبکرێتەوە، سارا قادر ڕایگەیاند: دەبێت لەهەموو سێکتەرەکاندا کار لەسەر ڕووبەڕووبونەوەى توندوتیژیی بکرێت، بۆ ئەوەی پرسی ژنان و توندوتیژیی دژی ژنان بکرێتە ڕۆژەڤ.
لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەى ڕۆڵى میدیا لە ڕووبەڕووبونەوەى توندوتیژیى بەرامبەر ژنان ئەو مامۆستاى زانکۆ ئاماژەى بەوەکرد: میدیا دەتوانێت پەروەردەی مرۆڤەکان بکات، بۆیە دەبێت میدیاکان هاوکارێکی باشبن بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان و سیستمی پەروردەش بە گرنگ دەزانم، کە بەشێوەی سیستم کاری لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی تاکەکان بەشێوەیەک پەروەردە بکرێن، کە دژی توندوتیژیی بن.
بەپێی ئامارەکان، توندوتیژىی دژ بە ژنان لە هەرێمى کوردستان زیادیکردووە.
ئ.م