ماڵەکانی داڵدەدانی ژنان لە هەرێمی کوردستان کەموکورتییان هەیە و بەرپرسێکی چاودێریی کۆمەڵایەتیی دەڵێت: بەتایبەت لە هەولێر ژمارەی کەیسەکان زۆرن، بیناکە بچووکە ستافمان کەمە، ئەمە جگە لە تێکەڵکردنی تەمەن و کەیسە جیاوازەکان.
دڵان ئیسماعیل، بەرپرسى ڕاگەیاندنى بەڕێوبەرایەتیی چاودێریى کۆمەڵایەتیى هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە خراپیی دۆخی ناو خانەکانی داڵدەدانی ژنان کرد و وتی: نەگونجانێکى زۆر هەیە بەتایبەت لە شەڵتەرى هەولێردا، چونکە ژمارەى دۆسیەکان لەگەڵ بیناکەمان و هەتا لەگەڵ ستافەکەمان، ناگونجێ، ئێمە ستافەکەمان کەمە بەراورد بەو دۆسیەیانەى دێنە شەڵتەرەکەمان بێگومان ئەوەش نەگونجانە و هیوادارین لە داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
دڵان، ئاماژەی بە کەموکورتییەکی دیکە کرد، کە تێکەڵکردنی تەمەنە جیاوازەکان و کەیسە جیاوازەکانە لەناو خانەکاندا و وتی: ئەوە کاریگەریى زۆرى هەیە، چونکە کاتێک کچێک لە ماڵى باوکییەوە هاتووەتە ئێرە لەگەڵ ژنێک، کە کێشەی بچوک یان قورسترى هەیە پێکەوە دەمێننەوە و نان دەخۆن و لەناو یەک هۆڵدان، ئەوەش کاریگەریى دەبێت، لەو ڕووەوە کێشەى ژوور و کەمیى جێگا و قەرەوێڵەى خەومان هەیە.
ئەو کەسانەی لەناو خانەکانی داڵدەدانی ژناندا دەژین، ڕەخنەی ئەوە دەگرن، کە ئەوان وەک زیندانیی وان و خانەکان جیاوازیی لەگەڵ چاکسازییەکاندا نییە، لەوبارەیەوە دڵان ئیسماعیل، وتی: جیاوازیى زۆرە لەنێوان شەڵتەر و چاکسازییەکان، چونکە شەڵتەر شوێنێکە بۆ پاراستنى ئەو کەسانەى تێیدان و دەپارێزرێن لە کوشتن و هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ تاوانبارکردنیان یان سزادانیان ئەو ئەمنیەتە توندەشى، کە تێیدا هەیە بۆ پاراستنى ئەوانە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا دڵان ئەوەى خستەڕوو، ماڵى داڵدانى ژنان بۆ ئەو ژنانەیەن، کە هەڕەشەیان لەسەرە، بەڵام لە ئێستادا بەشى زۆر کەمى ئەوانەى تێیدا دەمێننەوە هەڕەشەیان لەسەرە، بەڵکو زۆرینەیان یان نەخۆشیى دەروونىی هەیە، یان بێلانەیە یان بێ ماڵە یان ئەوەتا کێشەیەکى بچوکى هەیە و دەتوانێت هاتووچۆ بکات، بەڵام ئێمە ئەو ڕێنماییانەى لە شەڵتەر هەیە بەسەر هەمویاندا جێبەجێى دەکەین.
لەبارەى ئەو کەسانەى، کە دەمێننەوە لەناو شەڵتەرەکان ئاماژەى بەوەکرد: ئەو کەسانەى لە ناو شەڵتەرەکان دەمێننەوە زیاتر خەڵکى ناوشارن، بەڵام هەیانە لە دایکبووى شوێنێکى دیکەیە و دۆسیەی، هاوڵاتى عەرەب، بیانى و تورکمانمان لایە، بەڵام زۆرترینیان هاوڵاتى ناو شارى هەولێرن.
لە هەرێمی کوردستان چوار ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو هەن، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیین و هەریەکەیان دەکەونە (سلێمانی، گەرمیان، هەولێر، دهۆک). هەروەها لە شاری سلێمانی ماڵێکی سەر بە ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان-یش هەیە، کە پێی دەوترێت لانەی ئارام.
ماڵەکەی گەرمیانیش بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە، تەنیا ٧٢ کاتژمێر دەتوانێت هەڕەشەلێکراو لەخۆ بگرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا کێشەکەی چارەسەر نەبوو، ئەوا ڕەوانەی ماڵەکەی سلێمانی دەکرێت.
ئ.م