سەمیرا زەرگەڕی ڕاهێنەری یاری خلیسکێنەی سەر بەفری ئالپاین ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەهۆی دژایەتی هاوسەرەکەی نەیتوانی بەشداری لە پێشبڕکێی جیهانی یاری خلیسکینەی سەر بەفر لە وڵاتی ئیتالیا بکات، ئەوەش لە کاتێکدایە وەرزشکردن بووەتە خولیای ژنان و سیستمی ئێران بووەتە ڕێگری گەورە لە بەردەمیاندا.
١٨ی ئەم مانگە لە وڵاتی ئیتالیا پێشبڕکێی جیهانی یاری خلیسکێنەی سەر بەفر بەڕێوەچوو، لە وڵاتی ئێرانەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی یاریزانانی پیاوان، لە هەڵبژاردەی ژناندا چوار یاریزان بەشدارییان لەو پێشبڕکێیەکەدا کرد.
سەمیرا زەڕگەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی یاری خلیسکێنەی سەر بەفری ئالپاینی ژنانی ئێران، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی ڕێگەی پێنەدا گەشت بۆ دەرەوەی ئێران بکات، نەیتوانی لەگەڵ یاریزانەکانیدا بەشداری لە پێشبڕکێی جیهانی یاری خلیسکێنەی سەر بەفر بکات.

لە ئێراندا بۆ گەشتکردنی ژنانێک کە هاوسەرگیریان کردووە بۆ درەوەی ئێران، پێویستی بە ڕەزامەندی هاوسەرکانیان هەیە و ئەگەر هاوسەر گیریان نەکردبێت دەبێت باوکیان ڕەزامەندیان پێبدات.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە لە ئێران ڕێگری لە ڕاهێنەرانی ژن دەکرێت بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی ئێران، ساڵی ٢٠١٥ش هاوسەری نیلوفەر ئەردەڵان ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فوتساڵی ئێران ڕێگری لە ناوبراو کرد، کە بەشداری لە پێشبڕکێی فوتساڵی وڵاتانی ئاسیا بکات.
لەلایەکی دیکەوە بە ناچاریکردنی حیجاب بۆ ژنانی یاریزانی ئێران بووەتە ڕێگرییەکی گەورەی دیکە لە بەشداریکردنیان لە یارییە جیهانیەکاندا.
هەروەها ساڵی ٢٠١٩ سەحەر خۆدایاری ناسراو بە “کچی شین ” لە ئێران خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ویستبووی بڕواتە ناو یاریگایەکەوە و بینەری یاری تۆپی پێ ببێت لە تاران، سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو.

جێگای ئاماژەیە، لە ئێراندا تا ئێستا ژنان بۆیان نییە بچنە ناو یارگاکانەوە و تەماشای یاری تۆپی پێ بکەن و بۆ ئەمەش ژنان ناچار دەبن بە پۆشینی جلی پیاوانە، بۆ ئەوەی خۆیان وەک پیاوان لێبکەن و بچنە ناو یارگاکانەوە، و بەمبۆنەیەشەوە تا ئێستا بە دەیان ژن دەستگیر و زیندانیی کراون.
س.ح