پاش لێدان و سوكایەتیپێكردن، ژنێکی ئەفریقیی، كە وەك خزمەتکار لە ماڵێکدا کاری کردووە، پاسپۆرتەکەی لێوەدەرگیرێتەوە و لەسەر شەقام فڕێدەدرێت، کەیسی ئەو ژنە لە دادگای کەرکوکە و چاوەڕێی یەکلابوونەوەیەتی.
ڕووداوەكە لە ١٣ی ئەم مانگە ڕوودەدات، كاتێك ‘ئامادا جاوارا’ كە بە ڕەگەز ئەفریقییە لە ماڵێکدا لە بەغدا كار دەكات، لەلایەن دوو كوڕی ئەو ماڵەوە بەناوی کرینی شتومەکەوە دەبرێتە بازاڕ، بەڵام دوای ئەشکەنجەدان و سوکایەتیی پێکرد، پاسپۆرتەکەی لێوەردەگرنەوە و لەسەر شەقام فڕێی دەدەن.
ئامادا جاوارا، وەک خۆی دەیگڕێتەوە، بە ناشارەزایی ملی ڕێگای گرتووە و بە تاکسییەک خۆی گەیاندووەتە کەرکوک، کاتژمێر ١٢ی شەو لە دەرگای ماڵێکی داوە لە گەڕەکی حەدیدییەکانی کەرکوک، خاوەن ماڵەکەش پۆلیسی قۆرییەیان لێ ئاگادارکردووەتەوە.
بە بڕیاری دادوەر، ئێستا ئامادا لە ماڵی موختاری گەڕەكی قۆرییەی شاری كەركوكە، تا ئەو كاتەی دادگای كەركوك كەیسی ئەو ژنە یەكلایی دەكاتەوە.
یاوێر ئەڵاوێری، موختاری گەڕەكی قۆریە دەربارەی وردەكاریی ڕووداوەكە بۆ ڕۆژنیوز قسەی كرد و وتی:”بەوتەی ژنەكە ئەو لەڕێگای کۆمپانیایەکی تایبەت بەو بوارەوە لە باشوری ئەفریقیاوە بۆ كاركردن هاتووە بۆ هەولێر و لەوێشەوە چووەتە بەغدا، پاشان لە ماڵی كەسێك لە بەغدا كاری كردوە، دوو كوڕی ماڵەكە زۆر بۆی خراپ بوون، ماداش لای باوكیان سكاڵای كردووە، كە كوڕەكان بۆی خراپن، لە تۆڵەی ئەوەدا، کوڕەکان ئەو رووداوەی بەسەردێنن.
موختارەكەی گەڕەكی قۆرییە، گومان دەکات، کە ئەو ژنە لە ماڵێکدا بووبێت لەناو كەركوك و بۆ لادانی مەترسیی لەسەر ژیانی، وتبوێتی كە لە بەغداوە هاتووە، “ناكرێت بە ناو دەیان بازگە لە بەغداوە بە بێ ناسنامە بگاتە كەركوك”.
ئامادا جەوارا تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە، ماوەی ساڵێكە بە مەبەستی كاركردن هاتووەتە عێراق، ئێستا مادا هەموو ساتێكی بە گریان لە ماڵی موختاری گەڕەكی قۆرییە بەڕێدەكات و لە جاوەڕوانیی یەکلاکردنەوەی کەیسەکەی و وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکەیدایە، تاکو بگەڕێتەوە بۆناو خێزانەکەی خۆی.
ش.ف