ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی پانێڵکی لەبارەی ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی ڕێکخست و تێیدا تیشکخرایە سەر ڕوانگەی ژنۆلۆژی بۆ هونەر و کارکردن لەڕێگەی هونەرەوە بۆ دەستخستنە سەر کێشەکان.
پانێڵەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی چالاکوان و هونەرمەندان و توێژە جیاجیاکان بەشدارییان تێدا کردبوو.
لە سەرەتای پانێڵەکەدا کورتە ڤیدیۆیەک لە بارەی کارو خەبات و ئامانجەکانی ژنۆلۆژیەوە نمایشکرا، دواتر ڕۆژگار مستەفا، هونەرمەند و مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بابەتێکی بەناونیشانی کردەی هونەر وەک هەڵوەستەیەک پێشکەشکرد و تێیدا وێڕای بەبیرهێنانەوەی چەند بەرهەمێکی خۆی، باسی لەوەشکرد: لەڕێی هونەرەوە دەتوانین پەنجە بخەینە سەر کێشەکان و کێشەکان چارەسەر بکرێن.
وتیشی: هونەرمەند بەدەر نییە لە کێشەکانی ڕۆژانە و دەتوانن دۆخی ژنان و دۆخی هونەریش بگۆڕن.
پاشان زەهرا دۆگان، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس بابەتێکی بەناونیشانی هونەر و شوناس پێشکەشکرد و باسی لەو تابلۆ هونەرییانەی کرد، کە لە زیندانی دەوڵەتی تورک بە خوێن و ڕۆژنامە و تاڵی قژ کێشاوییەتی.
وتیشی: پێویستە ئێمەی ژنان هەموومان پێکەوە بەشێوەیەکی هەرەوەزیی کار لەسەر زانستی ژن و ژنۆلۆژی بکەین لەڕێگەی هونەر و بوارەکانی دیکەوە ڕەنگبداتەوە لە ژیانماندا.
دواتر ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و نووسەر لە گۆڤاری ژنۆلۆژی بابەتێکی بەناونیشانی ڕوانگەی ژنۆلۆژی بۆ هونەر پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە “ژنۆلۆژی و زانستی ژن گەڕانە بەدوای چۆنییەتی ژیان و داڕشتنی ڕێبازی ژیانێکی دروست، هونەر و زانستیش وەک دوو باڵی چۆلەکەن و بەیەکەوە گرێدراون”.
وتیشی: پارادیگمای ژنۆلۆژی لەسەر بناغەی دیموکراسیی و ئازادیی ژن و ژینگەپارێزیی بونیادنراوە، بۆیە ئەم هزرە نوێ نییە بناغەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا.
جەختیشیکردەوە: پێویستە زانستی ژنۆلۆژی لەسەر کەلتوور و فەرهەنگیی خۆمان بنیادبنێین نەک لەسەر کەلتووری دەرەکیی.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامدەبوواندا کرایەوە و بەوشێوەیە کۆتایی بە پانێڵەکە هات.
ک.س