لە ١٠٣ مین ساڵیادی بڕیاری بە ‘شارەدێ’بوونی تەقتەق-دا، ژنێکی شارەدێکە قاوەخانەیەکی خێزانیی دەکاتەوە، ئەویش بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی سەردانی ژنان بۆ قاوەخانە و کۆکردنەوەیان.
لە کەشێکی سارد و بەفراوییدا، گەشە کاکەجوان، قاوەخانەی ‘پەڕەنگ’ی لەنزیک زێی بچووک لە شارەدێی تەقتەقی سەر بە شارۆچکەی کۆیە، کردەوە.
هەرچەندە بەهۆی ئەو بەفرە زۆرەی باریوە، کەشەکە زۆر ساردبوو، بەڵام میوانیکی زۆر ئامادەی کردنەوەی قاوەخانەکە بوون، چونکە بۆ یەکەم جار و لەلایەن ژنێکەوە، قاوەخانەیەک دەکرێتەوە، کە ژنانیش بتوانن سەردانی بکەن و تیایدا کۆببنەوە.
گەشە كاكە جوان، خاوەنی كافێی پەڕەنگ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی قاوەخانەکە و وتیشی: بیرۆكەی ئەم كارەم لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە بینیم هیچ شوێنێكی تایبەت بە ژنان و خێزان، لە شارەدێکەدا نیە، لەكاتێكدا تەقتەق شوێنێكی گەشتیاریی و گرنگە و پێویستە هەموو شتێكی جیاوازی لێ بێت”.
دڵپاك موسلیح، میوانی قاوەخانەکەیە و پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی تەقتەق دەکات، ئەو دەڵێت: كردنەوەی ئەو قاوەخانەیە لە شوێنێكی جوان و نزیك زێی بچوك، بۆ تەقتەق گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمەی ژنان.
بە بۆچوونی ‘تەنیا قاسم’، ” ئەمە دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی ژنان ڕێچكە بشكێنن و لە ماڵ بێنە دەرەوە، زیاتر پشت بە هێز و توانای خۆیان ببەستن لە كارەكانیاندا و خۆیان بەرەو پێشەوە بەرن”.
دوێنێ ١٠٣مین ساڵیادی بڕیاری بە شارەدێبوونی ‘تەقتەق’ بوو، ئێوارەی دوێنێش قاوەخانەکەی پەڕەنگ کرایەوە.
ش.ف